ئاژانسی پاراستن رەتیدەکاتەوە دەستدرێژیان کردبێتە سەر رۆژنامەنووس دانا مەنمی

دانا مەنمی رۆژنامەنووس و کادیرێ پێشووی پارتی دوێنێ رایگەیاند " پێنج چەکداری پارتی هێرشیان کردۆتە سەری و ئازاری زۆریان داوەو سەریان لەچەند لایەکەوە شکاندووە"، ئاژانسی پاراستن رەتیدەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەری و، داوای لێکۆڵێنەوەیەکی بێلایەن لە رووداوەکە دەکەن.

 
لەو روونکردنەوەیەی ئاژانسی پاراستندا کە ئەمڕۆ یەک شەممە ٩ ئاب دەرچوو، تیایدا هاتووە" بڵاوکراوەتەوە گوایە کەسێک بە ناوی دانا مەنمی، ئاژانسی پاراستن بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ناو شاری سلێمانی لێیان داوە. ئێمە لە کاتێکدا ئەو جۆرە رەفتارانە ئیدانە دەکەین، رایدەگەیەنین کە دوور و نزیک ئەم ڕووداوە پەیوەندیی بە ئاژانسی پاراستنەوە نییە و ئەو سیناریۆیە لە لایەن کەسانێک بۆ ناشیرین کردنی ناوی ئاژانسی پاراستن جێبەجێ کراوە و ئەو کەسەیان بۆ مەرامەکانیان کردووەتە قوربانی".


ئەو دەزگایە داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە رووداوەکە بکەن و دەڵێن" پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنی دوور لە دەستێوەردان لەم رووداوە بکرێت و راستییەکان بۆ رای گشتی ڕوون بکرێنەوە".

 
دوێنێ لە سلێمانی رۆژنامەنووس دانا مەنمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد لە رۆژهەڵاتی سلێمانی لەلایەن پێنج چەکدارەوە هێرشیان کردۆتەوە سەری و دەموچاویان لەچەند شوێنێک شکاندووەو، دەزگای پاراستنی پارتی تۆمەتبار کرد کە هێرشیان کردۆتە سەری.

 


PM:08:07:09/08/2020