قایمقامی سۆران رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەرووی سنگا لە سنووری شارەدێی سیدەکان، پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و پەکەکە روویداوە، بەوھۆیەوە شوانکارێک برینداربووە".
کرمانج عیزەت قایمقامی سۆران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق لەسەر سنوورەکان و لەو شوێنانەی، کە کێشەی تێدا ھەیە، بارەگاکانیان زیاد دەکەن بۆ پاراستنی گوند و ئاواییەکان لە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا".
قایمقامی سۆران مڕاشیگەیاند"ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لەکاتی دانانی خاڵێكی سەربازی، لەلایەن پەکەکەوە تەقەیان لێدەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە دانانی ئەو خاڵە سەربازییە، بەوھۆیەوە شوانکارێک بەناوی مناف عەبدوڵڵا برینداربووە و باری تەندرووستی جێگیرە".
هاوکات کرمانج عیزەت چوونی ھێزەکانی پاسەوانی عێراق بۆ سنوور بە ئاسایی دەبینێت، بەوپێیەی بۆ رێگریکردنە لەو شەڕوئاڵۆزییەی ھەیە لە ناوچەکەدا، تا چیتر خەڵک زیانی گیانی و ماددی پێ نەگات.
ھەروەھا جەختی لەوەشکردەوە: کە ھێزەکانی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور ھەموو ئەو بنکە سەربازییانە بە ھاوبەشی بەڕێوەدەبەن.
تا ئێستا لایەنی بەرامبەر کە پارتی کرێکانی کوردستان (پەکەکە)یە هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.