یەكگرتووی ئیسلامی راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی هەرێم بڵاوکردەوە

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌باره‌ی بارودۆخی ئێستای هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند" پشتگوێ خستنی چاكسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان و خۆخەریككردن و خەڵك خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەكییەوە "یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە" كە هەردوكیان ئەخوازێ حزبەكانی دەسەڵات لەسەری بووەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن". 

 

دەقی پەیامەكە:

 

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی بارودۆخی تەندروستی و بژێوی هاوڵاتیان و كاسبكاران و فەرمانبەران وموچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ..

ئەمڕۆ چوارشەممە بەرواری 12/8/2020 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كۆبوونەوەی خۆی بە رێگای ئۆنلاین ئەنجامدا.

وێڕای تاوتوێ ی دۆخی تەندروستی و سیاسی و ئابوری هەرێم و عێراق و ناوچەكە بە گشتی و قەیرانە كەڵەكەبووەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی.

كۆبوونەوە لەسەر چەند خاڵێك هەڵوێستەی كرد بەم شێوەیەی خوارەوە :

1- دۆخی تەندروستی هەرێم و تەشەنەسەندنی پەتای كۆڕۆنا لە حاڵەتی كەمتەرخەمی خۆپارێزی و كەمی كەرستەی چارەسەر و شڵەژاوی ئیدارەدانی دۆخەكە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت جێگای داخە و ناكرێ حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوەستان و بێ باك بێ لە بەرامبەر گیانی هاوڵاتیاندا.

2- دۆخی بژێوی فەرمانبەران و كەمی و دواكەوتنی موچە و قوفڵ بوونی جوڵەی بازاڕ و بێ باكی و بێ بەرنامەیی حكومەت لە ئاستێكدایە كە تەقینەوەی رق و خەم و بێ چارەیی جەماوەری برسی و گەنجی بێ هیوا گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێم و ناكرێ دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەر بن.

3- پشتگوێ خستنی چاكسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان و خۆخەریككردن و خەڵك خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەكی یەوە یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە كە هەردوكیان ئەخوازێ حزبەكانی دەسەڵات لەسەری بووەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن.

4- دەستی دەستی كردن بە یەكتری لە هەرێم و سارد و سڕی مامەڵەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە حاڵەتی ئێستادا هیچ پاساوێكی ئەخڵاقی و نیشتمانی نیە و ئەبێ ئەحكامی لە ناكاو و ئیسعافی پەیرەو بكرێ و هەل و مەرجەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێ .

5- ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەكریزیی و ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی گەلەكەمانداین و لەگەڵ خواستی رەوای هاوڵاتیان داین ، ئەمڕۆ هەست بە مەترسی پەرچەكرداری تەقینەوەیەكی حساب بۆ نەكراو ئەكەین لەم بێ متمانەیی و بێ وەزعیەی كۆمەڵگە و برسیكردن و فشار و ستەمەی لە هاوڵاتی ئەكرێ و لەم بێ منەتی و بێ باكی و ناكاراییەی دەسەڵاتدا.

بۆیە پێویستە بە بڕیاری مەحكەم و بە ئیرادەی بەهێزەوە حكومەت و هێزەكانی دەسەڵات رووبەرووی دۆخەكە ببنەوە تا كار لەكار نەترازاوە و كەشتی دەیان ساڵەی خەبات و خوێن و رەنجی میللەتەكەمان بە هەموو سەرنشینەكانیەوە نغرۆ نەبووە .

بەهیوای بیستن و بڕیاری بەرپرسانەوە .

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
12/8/2020



PM:02:42:12/08/2020