حکومەتی هەرێم لە وەڵامی یەکگرتووی ئیسلامیدا: بەیاننامەکەتان تۆمەتی ناواقعی و بێ بنەمان

جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت" تۆمەتەکانی یەکگرتوو ناواقعی و بێ بنەمان، حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک گرتوەتەبەر، دروستکردنی گرژی زیاتریش لە بەرژوەندی کەسدا نیە". 

 

وەڵامێك بۆ ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان: 

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارە بە هاوكاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و دارایی و لێكەوتە سیاسییەكانی تێپەڕێنێت. ئەركێكی نیشتیمانیی سەرشانی هەموو لایەكمانە كە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتیان و بژێوی و ژیانیان، كە دەرەنجامی دۆخێكی نەخوازراون، نەكرێت بە كەرەستەی موزایەداتی سیاسی.

 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە كێشە و قەیرانە هەنوكەییەكان، بە شێوەیەكی ناواقعیانە كۆمەلێك تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردووە. لە بارەی پەتای كۆرۆنا ، حكومەتی هەرێم هەر زوو رێكاری كاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵك لە دژی رێكارەكان هان بدەن و ئێستاش كە پەتایەكە تەشەنەی كردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەكەونە وێزەی حكومەتی هەرێم.

 

لە بارەی ڕەوشی داراییش كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هەموو هەولێكی لەگەڵ بەغدا داوە تاكو بە رێكەوتنێكی شایستە و دەستووری بگەین، بەڵام تاكو ئێستاش بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێكەوتنی كۆتایی دەدزێتەوە، زۆرێك لە هێزەكانی ناوخۆش بەردەوام، بەغدا هان دەدەن كە لەگەڵ هەرێم بە رێكەوتن نەگەن، تاكو دۆخی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت و ئەو هێزانە سوود لەو ئاڵۆزییانە وەرگرن، ئەمەش یاری كردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم.

 

حكومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیار و رێكار و بۆچوونێك دەكات كە لە خزمەتی هێوركردنەوەی دۆخەكە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێكیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ كەس ولایەنێكدا نابێت و لێكەوتە نێگەتیڤەكانی بە زیانی هەموو هەرێمی كوردستان دەبێت.

د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
2020/8/12



PM:07:30:12/08/2020