ڕێباز حەملان: ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ و نەوت ئامادەیە بۆ مووچە بەڵام بەشی مووچە ناكات

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" حکومەت لە ئێستادا ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری داهاتی ناوخۆ و نەوتی ئامادەیە بۆ مووچە، بەڵام بەشی مووچەخۆران ناكات".

 

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە کەناڵی کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاند" ئێمە وەكو حكومەتی هەرێم ئێستا ٣٥٠ ملیۆن دۆلارمان لە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەبەردەستە، بەڵام بەمە مووچە نادرێت، مووچە پێویستی بە ٧٥٥ ملیۆن دۆلار هەیە، بۆیە پێویستمان بەوەیە، بەغدا ئەو بەشەی كە بۆمان دیاری دەكات بنێرێت و هەروەها بەشێكی تریش قەرزبكەین بۆ ئەوەی بتوانین تەواوی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدەین". 

 

رێباز حەملان ئاشکراشیکرد: ئەوەی هەیە تا ئێستا حكومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕیووە كە ئەوەش قسەیەو نەبوە بە كردار، ئەویش ئەوەیە كە تەنیا ٣٠٠ ملیار دینار مانگانە بنێرێت و ئێمەش كە ئامادەییمان دەربڕیوە نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بدەینە بەغدا، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بۆ ئێمە سودی نابێت، ئەگەر زیادی نەكەن.

 

ڕاشیگەیاند" بۆیە ئێمە قسەكەمان ئەوەیە ئەو بڕەمان بۆ زیاتر بكەن بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ئەو بەشەی كە دەمێنێتەوە لە داهاتی ناوخۆ و لەگەڵ داهاتی نەوت موچەی موچەخۆرانی پێ دابین بكەین".  



AM:12:09:13/08/2020