سەباح هەورامی: پێویستە حكومەت بەزویی مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش بکات

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند" پێویستە حکومەتی هەرێم بەزووترین كات مووچەی كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی دابەشبکات".

 

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەو كۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بوو بە ئەنجامدانی گرێبەست لەنێوان رێكخراوێكی ئەڵمانی و ٥٠ خۆبەخش بۆ پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناوچەكە رایگەیاند" هیوادارین حكومەتی هەرێم بەزووترین كات دەرگای دامەزراندن بكاتەوە بۆ خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی كە لەماوەی رابردوودا بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا خزمەتیان كردووە".

 

وتیشی" رێکخراوی ( GIZ )ی ئەڵمانی پاڵپشتی دارایی ٥٠ خۆبەخش دەکات بۆ ماوەى دوو مانگ، بۆ زیاتر بەرەپێشبردنی کەرتی تەندروستی سلێمانی، بەهیوان ئەو پرۆژەیە بەردەوامى هەبیت".

 

ڕاشیگەیاند" بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان داخراون و ژمارەیەکی زۆری پزیشکان مانیان گرتووە و کارەکانیان جێهێشتووە، کە بەهۆی زۆری ژمارەی پزیشکەکانەوە ناتوانن لێپرسینەوە بکەین و پێویستە حکومەتی هەرێم لەم کێشەیە رزگارمان بکات بۆ ئەوەی فریای کۆرۆنا بکەوین".

 

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی داواشیکرد حکومەت وەزارەتی تەندروستی بەدەربکات لە لیستی مووچە و لەکاتی خۆیدا موچەکانیان پێ بدات.

 

لە رووى دۆخى کۆرۆناوە ئاماژەى بەوەکرد" بە بەراورد بەچەند رۆژى رابردوو سلێمانى لە دۆخێکى جێگیرى کۆرۆنادایە و نەخۆشخانەکان تواناى وەرگرتنى نەخۆشیان هەیە و ئامادەىییان تێدایە بۆ وەرگرتنى نەخۆى شار و شارۆچکەکانى دیکە و هاوکات رێژەیەکى باش لە پلازماى خەزنکراویان هەیە و توانراوە هاوکارى شوێنەکانى دیکەى پێبکەن". 



PM:01:36:13/08/2020