لەرانیە و قەڵادزێ خۆپیشاندان دەستی پێكردەوە، لە دهۆكیش ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەنووس دەستگیركران

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە بۆ دووەم ڕۆژ خۆپیشاندانی چین و توێژەکان لە هەردوو قەزای رانیە و قەڵادزێ دەستیپێکردوە، هاوکات لە شاری دهۆکیش لە چوارەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس وەدات حسێن ژمارەک چالاکوان و ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران.

 

بەپێی زانیارییەکان، بۆ ڕێگریکردن لە چوونە سەر گۆڕی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای دهۆک رێگرییان لەیادەكە كرد و نەیانهێشت بێجگە لە خانەوادەكەی هیچ كەسێكی دیكە بچێتە گۆڕستانەكە، هەروەها چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانیان دەستگیركرد.

 

لەلایەکی دیکەشەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ دووەم ڕۆژ لە شاری رانیە و قەڵادزێ خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە دژی بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری دەستیپێكردەوە و داوای دابەشكردنی مووچە و دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

 


PM:06:43:13/08/2020