بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورک عێراق داوای هاوکاری لە چەند وڵاتێکی عەرەبی دەکات

وەزیری دەرەوەی عێراق سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی هەڵوێستێکی هاوبەشە بۆ دەرکردنی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی عێراق، بۆ ئەمەش پەیوەندی بە ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب کردووە.



د.فوائد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ سنووردانان و کردنە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە وڵاتانی عەرەبی و لەو بوارەدا لەرێگای تەلەفونەوە پەیوەندی کرد بە ئەمینداری گشتیی کۆماری عەرەبی ئەحمەد ئەبو غیت، وەزیری دەرەوەی میسر سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی ئوردون ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی سعودیە فەیسەڵ بن فەرحان و، وەزیری دەرەوەی کوێت شێخ ئەحمەد ناسر قسەی کرد.

 

 
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند "براکانمان جەختیان لەوە کردەوە، کە پشتیوانیی تەواو لە ئارامی و ئاسایش و سەروەریی عێراق دەکەن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئیدانە دەکەن. هەروەها دەبێت بە خێرایی هەموو جۆرە ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی دەوڵەتی تورک لە ناو خاکی عێراقدا رابگیرێت".

 

 
لەو بارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەحمەد حافز رایگەیاند، شوکری لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن وتویەتی، بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق هەموو هاوکارییەک پێشکەش دەکەن و ئەوەش لە داگیرکردنی خاکی عێراق لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە باشترە.

 

 
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵوێزی تورکیا لەو وڵاتە بانگهێشت کردو نامەیەکی توندی لەبارەی لەشکرکێشیەکانی ئەو وڵاتەوە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە کرد.




PM:01:34:14/08/2020