ئەمڕۆ هەینى لە ناوەڕاستى شارى بەسرە چالاکێکى مەدەنى کوژرا.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، لە پارێزگای بەسرە لە باشوری عێراق، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە چالاكوان (تەحسین ئوسامە) تەقەی لێكراوە و دوای ئەنجامدانی ئەو كارە دەستبەجێ هەڵهاتوون.
میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوەدەکەن" تەحسین ئوسامە، چالاکوانێک ناسراوى شارى بەسرەیە و بەشدارى کارایى هەبووە لە خۆپیشاندانەکان دژى دەسەڵاتدار و حکومڕانە گەندەڵەکان، لە ناوچەی جنینە و لەبەردەم شوێنی كارەكەیدا ئەمشەو هەینی كوژرا".
ئەمە لە کاتێکدایە، هیشام هاشمی چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق شەوی ٦ی تەممووزی ئەمساڵ دەستڕێژی گولەی لێکرا و لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەناوچەی زیونەی رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا.