لە ژمارە 14 گۆڤاری سپی میدیا كە دوا ژمارەی گۆڤارەكەیە ئەم بابەتانەی تێدا دەخوێنیتەوە:
مانشێتی سەرەكی گۆڤارە بەناونیشانی " بۆچووونە نهێنییەكانی پارتی لەسەر گۆڕانو یەكێتی".
ئەم بابەتە راپۆرتێكە لەسەر بۆچوونە نهێنیەكانی ئەو حیزبە لەسەر هەردوو حیزبە سەرەكییەكەی تری كوردستان (گۆڕانو یەكێتی):
لەتەوەرێكدا هاتووە " پارتیو گۆڕان دەیانویست یەكێتی چەك بكەن". هەروەها لەو راپۆرتەدا باس لەوە دەكرێت كە بارزانی رەتیكردۆتەوە د. نەجمەدینی پارێزگای كەركوك ببینێت. لای پارتی د. نەجەمەدین " شت ناڵێت بەرامبەر پارتی، بەڵكو شت دەكات، ئەو كابرایەكی عەمەلیە نەك تەنها قسەكەر، موجازەفەی خەتەر دەكاتو ئەمەریكییانە تەعامول دەكات، هاوكات ئەمەریكییەكان ئاراستەی دەكەن".
لەسەر 17 ی شوبات لە كۆبوونەوەیەكدا پارتی بە یەكێتی وتووە كە ئەوان هێزیان لە هەولێرەوە بردووە بۆ سلێمانی لەسەر داوای تاڵەبانی بووە" هەر ئەویش پێیوتوون كە نابێت مەكتەبی سیاسی یەكێتی بیزانێت".
لەسەر پەیوەندی یەكێتی و ئێران راپۆرتەكە مەترسییەكانی پارتی ئاشكرا دەكاتو دەڵێت" ئەو رستانەی بەرپرسانی یەكێتی فڕێیان دەدا بەوەی دەبنە پڵنگو هێزیان هەیەو تەسلیمی ناكەنو پەنا بۆ گەڕاندنەوەی دوو ئیدارەیی دەبەن، ئەمانە قەناعە بوون، نەك رستەی ئاسایی هەڵمەتی هەڵبژاردن".
لە بابەتێكی تردا راپۆرتێكە لەسەر بەعەسكەرەكردنی كۆمەڵگای كوردی بەناونیشانی "لەكوردستان 400 هەزار چەكدار هەیە، هەر 12 هاوڵاتی چەكدارێكی بەردەكەوێت".
بەپێی ئەو راپۆرتە كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "كۆمەڵگای كوردی پڕاو پڕە لەچەكدار"، تیایدا هاتووە" لەدنیادا 200 هاوڵاتی یەك چەكداری بەردەكەوێت، بەڵام لەكوردستان هەر 12 هاوڵاتی چەكدارێكی بەردەكەوێت".
لەسەر ژمارەی پاسەوانی بەرپرسەكان، لەراپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە لەكۆبوونەوەیەكی لیژنەی ناوخۆی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، وەزیری ناوخۆ لەدەمی دەرچووە وتویەتی "ژمارەی پاسەوانەكانی بەرپرسانو دەزگا رەسمییەكان لەهەرێمدا دەگەنە 63 هەزار پاسەوان".
سەبارەت بەژمارەی پاسەوانەكانی بارزانیو تاڵەبانیو نێچیرڤان بارزانی، راپۆرتەكە باس لە 5 لیوا دەكات، هەریەك لەبارزانی تاڵەبانی سەرو دوو لیوایان هەیە، نێیچیرڤانیش 1 لیوا پاسەوانی هەیە.
بەپێی راپۆرتەكە جگە لەبەعەسكەرەكردنی كۆمەڵگای كوردی، ئەم 400 هەزار چەكدارە لەسەر بودجەی هەرێم زیاتر لە 21% بوودجەیان بۆ تەرخاندەكرێت.
هەر لەژمارە 14دا چاوپێكەوتنێك لەگەڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی عەدنان موفتی سازكراوە، لەو دیدارەدا موفتی دەڵێت" براوەی یەكەمی هەڵبژاردن یەكێـی نیشتمانی كوردستانە".
لەسەر پرسی بەستنی كۆنگرەی یەكێتیش موفتی دەڵێت" پێش كۆتایی ساڵ دەبێـت كۆنگرە ببەسترێت"، لەسەر بابەتی كەسی یەكەمیش ئەو دەڵێت" پێشنیار و بۆچوون زۆرە بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی سەركردایەتی و ئالیتی كاركردنی، بەوەش كەدەستنیشانی مەسئولی یەكەمی بكات، پێموایە دەست لە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێـتی نادرێت".
لەو ژمارەیەدا لە ئامادەكردنو نوسینی رۆژنامەنووس محەمەد رەووف بەبەتێك لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەخوێنیتەوە بەناونیشانی " كێ هەڵبژاردنی بردەوە". ئەو رۆژنامەنووس پێیوایە كە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە هێزەكانی دامركاندەوە.
لەو بابەتەدا چەندین داتاو ژمارە لەسەر ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنی پارێزگاو پەرلەمانی عێراق بڵاوكراونەتەوە.
لەنوسینی رۆژنامەنووس كامەران محەمەد راپۆرتێك لەسەر كەمكردنەوەی دەنگەكانی یەكگرتوو دەخوێنێتەوە. لەراپۆرتەكەدا باس لەوە دەكرێت كە كاندیەكانی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی ژمارەیەكی زۆر دەنگی یەكگرتوویان بۆ خۆیان بردووە.
راپۆرتەكە هۆكارێكی كەمكردنەوەی دەنگی یەكگرتوو دەگەڕێنرێتەوە بۆ رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكگرتوو.
لەبابەتێكی تری گۆڤارەكە كە چاوپێكەوتنە لەگەڵ بەرێوەبەری زانكۆ تایبەتەكان لەوەزارەتی خوێندنی باڵا كە لەلایەن رۆژنامەنووس كامەران محەمەدەوە ئامادەكراوە، باس لەو گەندەڵیە زۆرە دەكرێت كە لەو زانكۆیانەدا هەیە.
لەو چاوپێكەوتنە لەگەڵ د. جمال كەمال دەڵێت" لە 70% زانكۆ ئەهلییەكان رازی نیم". هەروەها لەبڕگەیەكی تردا دەڵێت" زانكۆ هەبووە بەدەیان ملیۆن دیناری لەفۆرمی وەرگرتن قازانج كردووە".
ئەو بەرپرسە باس لەوە دەكات هەر خوێندكارێك بڕوانامەكەی تەزویر بێت دەدرێتە دەدگا.
لەو ژمارەیەدا چەندین وتار دەخوێنێتەوە لەنوسینی:
-د. یوسف گۆران : دیدیدێك یاسایی بۆ چەمكی ئیدارەی لۆكاڵی پارێزگاكان.
-خەلیل عەبدوڵا: ژیان لەدەرەوەی حیزب
- لوقمان غەفور: عەبدولخالق مەعروف ونەو بازۆفت لەناو دڵانە
-شوان محەمەد: توركیاو ئێران لەدێگەلە پێكدەگەن
هەموو ئەو بابەتانە لەژمارە 14 گۆڤاری سپی میدیا بخوێنەرەوە كە ئێستا لەكتێبخانەكان دەستدەكەون.
گۆڤارەکە بخوێنەرەوە: