ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە هەڵەبجە لەبەرزبونەوەدایە

لە پارێزگای هەڵەبجە ئاماری توشبوانی کۆرۆنا لە بەرزبونەوەدایە و لە هەفتەی ڕابردوو چوار توشبوو گیانیان لەدەستداوە. 

 

د. شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، ئاماری تووشبووانی نەخۆشخانەی وەفا لە بەرزبوونەوەدایە بەوپێیەی لە كۆی گشتی ٢٢٩٥ پشكنین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەی شەهید ٦٢٣ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە وتیشی" تا ئێستا ٥٢٨ حاڵەتی چاكبوونەوە تۆماركراوە و ١٢ حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبووە، تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٤ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەكە تۆماركراوە". 

د. شاناز نەقشبەندی ڕاشیگەیاند" لەئێستادا ١٧ نەخۆش لە نەخۆشخانەی وەفا داخڵ بوون و باری تەندروستی سەرجەم نەخۆشەكان ناجێگیرە و نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان هەیە و ٧ لە نەخۆشەكان لە ژێر ئۆكسجیندان و ٣ نەخۆش لە ژێرچاودێری وردی پزیشكدان". 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە دەڵێت" هۆکاری ئەم هەڵکشانە پابەند نەبوونی هاووڵاتیان و تێکەڵاوی بووە لەڕۆژانی جەژنی قورباندا، بۆیە داواکارین لە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندرووستیەکان بن و تاک پارێزی ئەنجام بدەن". 



AM:10:13:16/08/2020