لە ڕانیە خۆپیشاندان بۆ شەشەم ڕۆژ بەردەوامە

ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ڕۆژی شەشەم لەسەر یەک خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیانی قەزای رانیە بەردەوامەو خۆپیشاندەران لە ١٤ خاڵدا داواکارییەکانیان کۆکردووەتەوە، کە گرنگترینیان دورخستنەوە چەن بەرپرسێکی مەدەنی و سەربازیی ئیدارەی ڕاپەڕینە. 

 

خۆپیشاندەرانی ڕانیە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە، ئاماژە بەوەدەکەن، بەكورتی بەچەند خاڵێك داوا و خواستی خەڵكی ڕانیە بڵاودەكەینەوە بۆ ئەوەی هەموو كەس بزانێت ئێمە چیمان دەوێت و چیمان پێویستە كەچەند ڕؤژێكە لەسەر شەقامین

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داواکاریی خۆپیشاندەرانی ڕانیە لەم چەند خاڵەدا خراوەتە ڕوو:

١- دوورخستنەوە و سزادانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین چونكە لەكاتێكدا خۆپیشاندان دەستی پێكرد ئەو مۆڵەتی كردووە و ڕۆیشتۆتەوە بۆ ماڵەوە،.

 

٢- دوورخستنەوە و سزادان و دادگایی كردنی ئەو بەرپرسانەی مەلەفی گەندەڵیان هەیە و سامانی گشتیان بەفیڕۆداوە،.

 

٣- دوورخستنەوە سەرجەم بارەگای پارتە سیاسیەكان و بنكەكانی پۆلیس لەسەنتەری شار.

 

٤- كردنەوەی چەند كارگەیەكی بەرهەمهێنان بەمەبەستی دابینكردنی هەلی كار بەبێ‌ جیاوازی بۆ گەنجانی ڕانیە،.

 

٥- گێڕانەوەی سەرجەم زەویەكانی موڵكی گشتی كەلەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتوو دەستیان بەسەرداگیراوە،.

 

٦- داواكارین یەكێتی فشاربخاتە سەرحكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی هەرچی زووتر لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكات بەمەبەستی دابینكردنی شایشتە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێم،.

 

٧- داوا لەهاوسەرۆكایەتی یەكێتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكەین بەرپرسی مەڵبەند و كۆمیتە لەكاردووربخاتەوە و كەسانی شیاو و جەماوەری بۆ ئەم پۆستانە دەست نیشان بكات،.

 

٨- داوا لەفەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی دەكەین سەرجەم ئەو بەرپرسە سەربازییانە سزابدات كەدەستیان هەبووە لەپەلاماردانی خۆپیشاندەران،.

 

٩- داوا دەكەین لەدیاری كردنی بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و سەربازی پرس و ڕاوێژ بەخەڵكی ڕانیە بكرێت چونكە مێژوو شاهیدە ملازم موحسین جورئەتی نەكرد لەڕانیە حكوم بكات ئیتر ڕانیە دەرفەت بەكەسانی خۆسەپێن نادات،.

 

١٠ – داوا دەكەین بەرپرسانی ئاسایش و پۆلیس وێڕای داوای لێبوردن لەخۆپیشاندەران لەكار دووربخرێنەوە و سزابدرێن چونكە لەئاست پاراستنی گیانی ئێمەی خۆپیشاندەردا نەبوون و نەیانتوانی گوێ بۆ داواكاریەكانمان بگرن و پارێزگاریمان لێبكەن.

 

١١- داوا دەكەین بودجەیەكی تایبەت بۆ پڕۆژە تەواونەكراوەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین تەرخان بكرێت،.

 

١٢- داواكارین لەهەركاتێك هەرچین و توێژێكی ڕانیە بۆ هەر مەبەستێك خۆپیشاندانی كرد تەنیا پۆلیسی چالاكیەمەدەنیەكان لەوێ‌ ئامادەبێت و بەهیچ شێوەیەك هیچ هێزێكی ترمان قبوڵ نیە.

 

١٣- داوا لەسەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراقی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكەین ڕۆژانی داهاتوو بێنە ناوبازاڕ و گوێ بۆ دەنگی دەنگدەرەكانیان بگرن،.

 

١٤- پێویست ناكات بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین بەدوای سەرپەرشتیار و نوێنەری خۆپیشاندەران دا بگەڕێن بەڵكو پێویستە سەرجەم ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێكراوە جێبەجێبكرێن ئەوكاتە ڕۆڵە ئازا و قارەمانەكانی ڕانیە شەقام چۆل دەكەن.



PM:06:43:17/08/2020