نەوتی هەرێم پێداویستی دوو سەد ساڵی تورکیا دابین دەکات

لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 6.14 ملیار تەن نەوتی یەدەگ هەیە‌و مەزەندەی ئەوە دەكرێت نەوتی هەرێم پێداویستی دوو سەد ساڵی توركیا دابین بكات.

بەپێی ئەو داتایەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەرچاوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان وریگرتووە، ئەو نەوتەی لەژێر خاکی هەرێمی کوردستاندایە، دوو سەد ساڵ پێداویستی تورکیا بۆ نەوت پڕ دەکاتەوە لەگەڵ ساڵ و نیوێک پێداویستی جیهان.

کاتێ ئەو رێژەیە لەگەڵ رێژەی وەبەرھێنانی ساڵانەی نەوت لە تورکیا کە ٣١.٥ ملیۆن تەنە، بەراورد دەکرێ، دەردەکەوێ ئەو نەوتە پێداویستی دوو سەد ساڵی تورکیا دابین دەکا. ھەروەها نەوتی کوردستان دەتوانێ ھەموو پێداویستییەکانی جیھان بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک دابین بکا.

چاڵە نەوتەکانی تەق تەق، تاڤگە، خورمەڵە، شێخان و چەندین ناوچەی دیکە، رۆژانە زیاتر لە ٥٤ ھەزار تەن نەوتیان لێوە هەڵدەگۆزرێ. چاوەڕوان دەکرێ حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێژەی ھەناردەی نەوتی خۆی تا ساڵی ٢٠١٥ بگەیەنێتە ١٣٦.٥ ھەزار تەن لە رۆژێکدا. تا ساڵی ٢٠١٩ ئەو رێژەیە دەگەیەنرێتە ٢٧٣ ھەزار تەن لە رۆژێکدا.
کارزانانی بوارەکە لەو باوەڕەدان تەنیا رێگای لەبار و گونجاو بۆ گەیاندنی ئەو نەوتە بۆ جیھان، تورکیایە. تورکیا بۆ ھەناردنی نەوتی عێراق و کوردستان لەڕێی بۆری نەوتبەری کەرکوک- جەیھان بۆ ئەوروپا و بەھۆی ھەڵکەوتەی جیۆستراتیژییەوە بۆ عێراق و کوردستان زۆر گرنگە.

عێراق بە بڕی ٢٠ ملیار تەن نەوتی یەدەگ، لە دوای وڵاتانی سعودیە، ڤەنزەوێلا، ئێران و کەنەداوە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی جیھان بۆ دابین کردنی نەوت.

بەشێکی زۆری داھات و ئابووریی ئەو وڵاتە لەسەر نەوتە و ٦٠%ی رێژەی نەوتی عێراق لە بەسرەیە. بە گشتی لە پێنج وێستگەدا  نەوتی ئەو وڵاتە کۆکراوەتەوە.
بەشێکی زۆر کەمی نەوتی عێراق لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتەدایە و ١٧%ی  لە کوردستاندایە کە بەشی هەرە زۆری ئەو رێژەیە لە دەردەوری کەرکوکدایە.

حازر ناکۆکی لە نێوان بەغدا و ھەولێردا ھەیە لەسەر خاوەندارێتی ئەو نەوتەی لە دەرەوەی کەرکوکدایە.

ئێستا لە ١٧ ناوچەی کوردستان، پڕۆسەی وەبەرھێنان لە نەوتدا بەردەوامە و رۆژانە نزیکەی ٣٤ ھەزار تەن نەوت هەڵدەگۆزرێ و کۆمپانیاکانی وەکو ئەکسۆن مۆبیل و چەڤرۆنی ئەمریکی، تۆتاڵی فەرەنسی، گازپڕۆمی روسی کاری هەڵگۆزین و دۆزینەوە ئەنجام دەدەن. هەروەها دوو گەورە کۆمپانیای تورکی لە کوردستاندا چالاکن.

ھەریەکە لە ئەمریکا بە رێژەی ١٩% و ھیندستان بە رێژەی ١٣% چین بە رێژەی ١٩% مشتەری نەوتی عێراقن و پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنی ئەو نەوتە لە رێگای بەندەری بەسرەوە ئەنجام دەدرێ.

تورکیا لەڕێی بۆری نەوتبەری کەرکوک - جەیھانەوە، نەوتی عێراق دەکڕێ، لە پاڵ ئەو بۆرییەدا دوو ھێڵی دیکە بە درێژایی ١٠٠٠ کیلۆمەتر ھەیە و توانای گواستنەوەی رۆژانە ١.٦٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەیە، بەڵام بەھۆی کێشەی جیاجیاوە ھەر چەند رۆژ جارێک ئەو ھێڵە رووبەرووی گرفت دەبێتەوە و حاڵی حازر ئەو بۆرییە راوەستاو.

کوردستان بەشی ھەرە زۆری ھەناردەی نەوتی لەڕێی تورکیاوە ئەنجام دەدا و رۆژانە نزیکەی ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بۆری نەوتبەرەوە ھەناردەی تورکیا دەکا و ئەو نەوتە لە تانکەرەکانی بەندەری جەیھان کۆدەکرێتەوە.



PM:02:42:27/05/2014