بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەگەل راگەیاندنی گەیشتنی پارەی ئەم مانگەی بەغدا بە هەولێر، راشیگەیاند" ناکرێت مووچەی خەڵک بکرێتە قوربانی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی شەخسی و قاچاخچێتی".
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ چەند کەناڵێکی کوردی رایگەیاند " موچەی خەڵک مافێکی و ڕەوای خەڵکە، ناکرێت بکرێتە قوربانی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی شەخسی و قاچاخچێتی".
هەروەها ئاشکراشی کرد کە ئەمڕۆ بڕە پارەی ئەم مانگەی بەغدا گەیشتۆتە هەولێر.
لە بارەی رێککەوتنی نێوان بەغداو هەولێر رایگەیاند" رێککەوتنێکی گرنگە دەکرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ رێککەوتنێکی فراوان بۆ ساڵی ئایندە" .
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک کۆمار بڵاویکردۆتەوە: ئەمرۆ دووشەممە ٢٠٢٠/٨/١٧ لە بەغدا بەرهەم ساڵح پێشوازیكرد لە عومەر وائلی سەرۆكی دەستەی خاڵە سنورییەكان.
لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی رێكخستن و پاڵپشتیكردنی بودجەی دەوڵەت بە پشتیوانی خاڵە سنورییەكان و پەرەپێدانی سەرچاوەكان لە رێگەی پتەوكردنی رێ و شوێنەكانی چاودێری و وردبینی، هەروەها بەكارهێنانی ئامراز و سیستەمی جێگەی باوەڕی نێودەوڵەتی لە خاڵە سنورییەكان كە ببێتە مایەی زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆك بەرھەم دوپاتیكردەوە لەپێویستی رێكخستنی خاڵە سنورییەكان و یەكخستنی رێ و شوێنی كاركردن تیایاندا، ھاوکات بەگژاچونەوەی گەندەڵی لە رێگەی جێبەجێكردنی یاسا و رێسای كارا بۆ كارپێكردنی دەستەکە و هاو زەمان بەهێزكردنی رێ و شوێنەكانی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی.