بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەربارەی خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردووی شاری زاخۆ رایگەیاند "٦١ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون"، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە" ئەمە پیلان بووە و دەستێکی دەرەکیی لەپشت بووە".
لیوای تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی بۆ تەلەفزیۆنی کوردستان24ـی راگەیاند "سەرەتا ژمارەیەک شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی داخوازییەکانی خۆیان بگەیەننە بەرپرسان، دەزگای ئەمنی لەوێ ئامادەبوون، دانووستاندنیان لەگەڵ ئەو شۆفێرانە کردووە بۆ ئەوەی بزانن داخوازییەکانیان چین و بۆچی بەو شەوە و لەو کاتەدا گردبوونەتەوە و لەڕێگەی سەندیکا داواکانی خۆیان نەگەیاندووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک باس لەوە دەکات "لەکاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی ئەو دانوستانە بوون لەگەڵ شۆفێرەکان، لە دوورەوە تەقە لە پۆلیسەکان و شوێنی خۆپیشاندانەکە کراوە، دووجار تەقەکراوە و لەو کاتەشدا وەکو پلانێک، لە چەند شوێنێکی دیکە تەقە کراوە، ئۆتۆمبێلی خەڵک شکێنراوە و، ئاژاوە دروستبووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک،دەڵێ " هێزە ئەمنییەکان 18 کەسیان دەستگیرکردووە. تەنیا چواریان شۆفێر بوون، ئەوانەی دیکە هیچ پەیوەندییان بە شۆفێرەکانەوە نەبووە و ژمارەیەکیان چەکیان بەدەستەوە بووە، بۆیە ئێمە دەڵێین دەستی دەرەکی لەپشت ئەو خۆپیشاندانەوە بووە، ئەو دەستە دەرەکییەش هیچ پەیوەندییەکی بە شۆفێران و تەنانەت زاخۆ و دهۆکیشەوە نییە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەهۆی ئەو ئاژاوەوە زیانێکی زۆر هەبووە،٦١ کەسی ئەمنی وەکو: پۆلیس، ئاسایش و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بریندارکراون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەندێکی دیکەش بریندار بوون و نەچوونەتەنە نەخۆشخانە".
ناوبراو باس لەوە دەکات " لەو بریندارانە تەنها چواریان هاوڵاتین کە یەکێکیان منداڵە. دوو لە بریندارەکان چەکیان بەدەستەوە گیراوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: "26 ئۆتۆمبێلی ئێمە، هی ئاسایش و پۆلیس و فریاگوزاری زیانیان بەرکەوتووە، هەندێکیان هیچ جامیان پێوە نەماوە، هەندێکیان گوللـەیان بەرکەوتووە، ئەمە پیلان بووە و داڕێژراوە".
لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆک دڵنیایی دا لەوەی "ئێستا رەوشی زاخۆ ئارامە، سنووری ئیبراهیم خەلیل بازرگانیی لێ بەردەوامە و هیچ کێشەیەک نییە".