لەهەڵەبجە چەندان بینای حکومی سووتێنران و بەر زیان کەوتن

لە ئەنجامی درووستبوونی بارگرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک بینای حکومی سووتێنران و بەر زەرەر کەوتن، لەوانە بیناکانی ( قائیمقامیەت، بینای بنکەی ھاتوچۆی ھەڵەبجە، بینای شارەوانی و بەشی ھونەری و گەنجینەی شارەوانی بە تەواوی سوتێندراوە)، هەروەها زەرەر بەر چەندان ئۆتۆمبیلی حکومی بە ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانەوە.


لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی، کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە، رایگەیاند" ژمارەیەک لە ھاوڵاتیان ھەڵیانکوتاوەتە سەر چەند دامودەزگایەکی حکومی کە بینای شارەوانی، بینای قائیمقامییەت و بنکەی ھاتوچۆی ھەڵەبجە بوو، کە بەشی ھونەری و گەنجینەی شارەوانی بە تەواوی سوتێندراوە".

 
سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە، ئەوەشی خستەڕوو کە دوای رووداوەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و ھەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە.

 
راشیگەیاند" رۆژانە ١٥٠-٢٠٠ ھاووڵاتی سەردانی شارەوانی دەکەن بۆ بەڕێکردنی مامەڵەکانیان، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی پەڕاوی مامەڵەکان و شەش کۆمپیوتەری بەشی ھونەری سوتاون و زیانێکی زۆریش بە بینایەی شارەوانی گەیەندراوە".


کوێستان ئەکرەم لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی " زۆربەی مامەڵەی ھاوڵاتیان سوتێنراون، بەداخەوە خەڵک دەڵێن ئەمە دەستێکی لە پشتەوەیە، بە دڵنیایەوە بە دەستێک ھاتوون ئەم بینایەیان سوتاندووە، بەڵام ئەوان باسی دەستی دەسەڵاتداران یاخود حکومی دەکەن، ئێمە لەبەر ئەوەی بەشێک لەو دۆسیانەی کە بە ھارد ھەمانە، بۆیە پارێزراون پێموانییە ھیچ کەسێک لەمە سوودمەند بێت، چونکە ھەردۆسیەی مامەڵەی ھاوڵاتیانە، ھیچ دەسەڵاتدارێک پێویستی بەو دۆسیانە نییە. ئێمە ھیچ دۆسییەکی بەرپرسی حکومەتمان لەلانییە. بەڵکو زۆربەی ئەوەلیاتی ھاوڵاتیان لە بەشی گەنجیەنەی شارەوانی سوتاون".




AM:10:45:23/08/2020