حکومەتی هەرێم بڕیاری پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگەی دەرکرد

حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ساڵی ٢٠١٧ جێبەجێبکرێت و پلەکانی بەرز بکرێتەوە. 

 

بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت،  سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگە کرد و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە وەزارەت و دۆخی پێشمەرگەیان تاووتوێ کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەر پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە کرایەوە و دواھەنگاوەکانی ئەم بوارە تاووتوێ کران و پێداگری لە سەر خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ناو ھێزی پێشمەرگە کرایەوە.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، گفتوگۆ دەربارەی پرسی پلەبەرزکردنەوەی پلەدارانی ھێزی پێشمەرگە کرا کە چەند سالێکە وەستاوە ، بڕیاردرا  پلەبەرزکردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ ساڵی ٢٠١٧ جێبەجێ بکرێت و پلەبەرزکردنەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ساڵەکانی داھاتووش ، بە پێی میکانیزمی نوێ و دوای وردبوونەوەی زیاتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.



PM:04:57:23/08/2020