ئێوارەی ئەمڕۆ مێردمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ کە پیشەی شوان بووە لە گوندێکی سنوری قەڵادزێ بەهۆی بەرکەوتنی گوللەیەکی وێڵەوە گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە تەرمی منداڵێک بەناوی ( ئـ . ئـ . خ ) تەمەن ١٥ ساڵان، دانیشتووی قەڵادزێ لە گەڕەکی ڕاپەڕین گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ".
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاندووە" بەوتەی کەسوکارەکەی لە زێی (کانیان) سەر به قەڵادزێ شوان بووە و لە شوێنێکی نادیارەوە فیشەکێک هاتووە و بەر کەلەکەی کەوتووە و بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە".
باسی لەوەشکردووە: پاش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە و دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی دەرکەوت شوێنەواری یەک گولە کە جۆری چەکەکەی لە ئێستادا نەزانراوە بەسەر جەستەیەوە هەیە، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە و تائێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.
هاوکات دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە و بەپێى وتەى پۆلیس لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی ڕوداوەکە بەردەوام دەبێت.