کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان پشێوى تێکەوت و دواخرا بۆ سبەینێ

بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لە نێوان پەرلەمانتاراندا ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ سبەینێ پێنج شەممە دواخست. 

 

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی رەخنەی بەشێک لە پەرلەمانتاران لە بەرنامەی کار و باس نەکردن لە بڕینی مووچە و پارەی نەوت دەمەقاڵێ لە نێوان پەرلەمانتاران دروستبوو، بەو هۆیەوە ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی کۆتای پێهێنا و ڕایگەیاند" سبەی پێنج شەممە ٣ی ئەیلول کاتژمێر ١٠:٠٠ درێژە بە دانیشتنەکە دەدەن".

 

هەروەها هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە رۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند" بەهۆی گەرماوە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دواخراوە".

 

ئەمڕۆ چوارشەممە یەكەم دانیشتنی خولی پایزەی پەڕلەمانی كوردستان دەستیپێكرد و ڕێواز فایەق سەرۆكی پەڕلەمان لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەش کردو ڕایگەیاند" وەرزی دووەمی یاسادانان خولی پاییزە لەكاتێكدا دەكەینەوە مرۆڤایەتی بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەت گیرۆدەی پەتایەكی كوشندەیە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران كەس، ئومێدی شیفا بۆ تووشبووان و سەبوریش بۆ كەسوكاری ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، سوپاسی كەرتی تەندروستیش دەكەین لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و داواش لەحكومەت دەكەین ئەركی خۆی لەپێدانی ئیمتیازی شایستە بە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی جێبەجێ بكات كەتائێستا لەسەنگەری ڕووبەڕووبونەوەی كۆڕۆنا شەونخوونی دەكەن".

 

لەبەشێکی تری وتارەکەیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد" وەك ئەركی پەڕلەمان پشتیوانی لەوەفدی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا دەكەین بۆ ڕێككەوتێكی هاوسەنگ، چڕكردنەوەی ئەركی لیژنەی پەڕلەمان و پەڕلەمانتاران لەچاودێریكردن و جێبەجێكردنی بڕیار و یاساكان كە بەجێبەجێكردنیان داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەكان و وەرگرتنی باج لە گەورە كۆمپانیاكان و دەرهێنانی پیشەسازی نەوتی و ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆ داهاتی وەدەستهاتوو زیاتر دەبێ دۆخی گوزەرانی خەڵکیش دەباتە قۆناغێكی تر". 



PM:02:49:02/09/2020