رۆژانە ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم هەناردە دەکرێت

‌تانەر یڵدز
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دەڵێ لەمڕۆ بەدواوە رۆژانە ١٠٠ تا ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە دەکرێ و ھەناردنی نەوت لە لایەن بەغدایشەوە راگیراوە.

بەپێی هەواڵێكی ئەنادۆڵ، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز دوای بەشداریکردنی لە چوارەمین کۆنفرانسی یەکێتی زانکۆکانی قەفقازیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

یڵدز لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تایبەت بە ھەناردە کردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا باسی کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێریشی کرد و گوتی: "دانوستانی نێوان بەغدا و ھەولێر بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانە بەردەوامە."

یڵدز وتی: "لەمڕۆ بەدواوە رۆژانە ١٠٠ تا ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی تورکیا دەکرێ، بەڵام ئەو نەوتەی لە لایەن بەغداوە ھەناردە دەکرا ھێشتا وەکو مانگی رابردوو راگیراوە و ئێمە وەکو تورکیا ئامادەبوونمان بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی لە لایەن بەغداوە ھەناردە دەکرێ لە رێگای بۆڕی نەوتبەری کەرکوک – یومورتاڵیکەوە دەربڕیوە، لەو ھێڵە نەوتییەدا جێگای خاڵی ھەیە ئەو بۆڕییە توانای گواستنەوەی رۆژانە ١.٥ ملیۆن بەرمیلی ھەیە."

لە بارەی ئەو سکاڵایانەوە کە گوایا بەغدا لە سەر تورکیا تۆماری کردوونە یڵدز گوتی: "تا ئێستا لەو بارەوە ھیچ جۆرە ئاگادار کردنەوەیەکمان پێ نەگەیشتووە، ئەگەر ھاتوو ئاگاداری دادگا گەیشتە دەستی تورکیا ئەوا رای گشتی لێ ئاگادار دەکرێتەوە. لە بارەی گەمارۆکانی بەغدا بۆ سەر کۆمپانیا تورکییەکانیشەوە دەبێ باسی ئەوە بکەم کە وەزیری دارایی تورکیا بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و تا ئێستا ھیچ شتێکی بەو جۆرە رووی نەداوە."

یڵدز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتەکانی سەرۆکی روسیای لە بارەی روانە کردنی غازی سروشتی لە رێگای وڵاتێکەوە کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نەبێ بە بیر ھێنایەوە و گوتی: "باس لە چەندین پڕۆژە لە رۆژھەڵات و رۆژئاوای دەریای رەش و لە ژێر دەریاوە دەکرێ. پوتین جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر لە رێگای وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپاوە غاز ھەناردە نەکەین ئەوا لە رێگای وڵاتێک کە ئەندام نەبێ غاز ھەناردە دەکەین، ئەگەر مەبەستی پوتین تورکیا بێ ئەوا تا ئێستا ھیچ جۆرە پێشنیارێک ئاراستەی تورکیا نەکراوە و ئەگەر بێتۆ بە رەسمی داوا لە تورکیا بکرێ ئەوا تورکیا دوای ھەڵسەنگاندنی ئەو داواکارییە ھەڵوێستی خۆی دەردەبڕێ."

یڵدز جەختی لەوە کردەوە کە سبەینێ لەنێوان تورکیا و وڵاتانی قەفقاز بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ کە ماوەیەکی زۆر درێژە کاری لە سەر دەکرێ رێککەوتنێکی گرنگ ئیمزا دەکرێ، و ئەگەر ھیچ کێشەیەک روو نەدا ئەوا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران ئەو رێککەوتنە ئیمزا دەکرێ.



PM:02:22:29/05/2014