هەشت هۆکار دەبنە کۆبوونەوەی چەوری لە ورگ و قەڵەوی لە خانمان دا:

 قەڵەوی ورگ و کۆبۆەوەی چەوری لە ورگ ، یەکێکە لە کێشە باوەکانی سەردەم بە تایبەت لە خانمان دا کە گەورە بوونی ورگ و شۆڕبوونەوەی پیست دەبێتە هۆی بێزار بوونی خانمان و کێشەی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە کە پێویستە پشتگوێ نەخرێت و بە شێوازی زانستی چارەسەر بکرێت .

 هەشت هۆکاری زۆر گرنگ :

1 - خواردنی بڕێکی زۆر له خۆراک کە بڕێکی زیاتر لە وزەی پێویستی بۆ جەستە تێدا بێت ڕۆژانە ، بۆیە چەوری بە تەدریج لە لەش دا کۆ دەبێتەوە لە بەشە جیاوازەکانی لەش ، یەکەم شوێنیش ناوچەی ورگ و بەشی خوارەوەی سکە . دوای ماوەیەک لە زۆر خواردن ، گەددە ڕادێت و ئەو کەسە هەست بە تێر بوون ناکات و ناچار بڕێکی زۆرتر خواردن دەخوات .
2 - جۆری خۆراک : تەنها بڕی خواردن کاریگەری نیە ، بەڵکو جۆرەکانی خۆراک زۆر ڕۆڵی هەیە و کۆمەڵێک خۆراک دەبنە هۆی زیاد بوونی چەوری ورگ وەک شیرینی ، ساردەمەنی ، چەوری زۆر ، خواردنی سوورکراوە ، خواردنەوە گازی و کحولیەکان ..، هتد .
3 -کەمی جووڵە و سستی : لەش پێویستی بە جووڵەی زۆر و وەرزش هەیە بۆ زیاتر سووتانی چەوری ، تەمەڵی و کەمی جووڵە دەبێتە هۆی هیواش کردنەوەی ڕێژەی مێتابۆلیزمی جەستە .

4 - تەمەن : لەگەڵ چوونە تەمەنەوە پڕۆسەی سووتانی چەوری قورستر و هێواشتر دەبێت بە تایبەت دوای تەمەنی نائومێدی و وەستانی سووڕی مانگانە ؛ بە هۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکانەوە ، لە گەڵ دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین ، ئەگەری کۆبونەوەی چەوری زیاتر دەبێت .
5 - کەمخەویی و شەونخوونی : نەخەوتن بە گوێرەی پێویست لە شەودا دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری و خاو بوونەوەی میتابۆلیزم .
6 - سترێس و فشاری دەروونی .
7 - لە کاتی دووگیانی و دوای مناڵ بوون : بە تایبەت ئەگەر خواردنی ناتەندروست و شیرینی و چەوری زۆر بخورێت ، هەروەها نەشتەرگەری مناڵ بوون دەبێتە هۆی شۆڕ بوونەوەی ورگ ، شیردانی سروشتی یارمەتی دابەزینی کێش ئەدات .
8 - کۆنیشانەی کیسی هێلکەدان .

بێگومان هۆکاری تر هەیە کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە وەک تێک چوونی هۆرمۆنەکان و بۆماوەیی و بەکارهێنانی هەندێ دەرمان ،، هتد .

ئەم بابەتە لەلایەن د. کامەران ڕسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراکەوە نوسراوە..

 


AM:08:33:06/09/2020