سەرکردایەتیەکی یەکێتی بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئایا لە کۆبوونەوەکەت لەگەڵ ئۆردوغان بابەتی زۆر نهێنی باسکران؟


ئەندامێکی سەرکردایەتیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر هاوەڵی نەکردنی وەفدی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا دەڵێت" لە سەرۆک دەپرسم ئایا تورکیا قایل نەبوو شاندەکە رەنگدانەوەی حکومەت بێ".


لە نووسینێکی کورتدا کە بەناونیشانی " سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم " کە بۆ ماڵپەڕی " سپی میدیا " نێردراوە، ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵیت " نەمدەویست قسە لەسەر سەردانەکەی کاک نێچیروان بۆ تورکیا بکەم، بەڵام کاردانەوەکانی گەورە بوون و بەردەوامیشن، بۆیە منیش لە سەرۆک دەپرسم ئایا تورکیا قایل نەبوو شاندەکە رەنگدانەوەی حکومەت بێ، یان بابەتی زۆر تایبەت و نهێنی باس دەکران؟".


هەروەها ئەو ئەندام سەرکردایەتیەی یەکێتی دەشڵێت" ئەگەر ئەوە مەرجی تورکیا بوو بێ کارێکی مەتدسیدارە، ئە گەر خۆشتان بڕواتان بە هاوبەشەکانتان لە حکومەت نییە مەترسیدار ترە! سەیرکەن ئەگەر ئەو سەردانە بە شێوەی پێکهاتەی حکومەت (پارتی،یەکێتی، گۆڕان، تورکمان و ئاشوری) بوایە چەند گرنگتر و بێ گومانتر دەبوو ؟".


رۆژی ٣ ی ئەیلول نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ستافێکی پارتی ناو سەرۆکایەتی هەرێم سەردانی تورکیای کردو لەگەڵ ئۆردوغان سەرۆکی تورکیاو، چاویش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوە کۆبوونەوە، ئەمەش بووە مایەی نارەزایەتییەکی گەورەی لەنێو میدیاکانی باشووری کوردستان و سیاسی و چالاکواناندا.
 


PM:04:06:07/09/2020