هونەرمەند و کەسایەتییەکی دیاری سلێمانی کۆچی دوای دەکات

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٨ ی ئەیلول وێنەگر و کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان رەفیق محەمەد ناسراو بە ( رەیقی مسەور) گیانی لەدەستدا.

 

دوای نزیکەی سێ چارەکە سەدە لە رێگای هاوێنەی کامێراکەیەوە خزمەتی سلێمانی و کوردستانی کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی رەفیق محەمەد، رەفیقی وێنەگر کۆچی دوای کرد، دوای جێهشتنی مێژوویەک لە وێنەگرتنی شاری سلێمانی و کوردستان. 

 

ئەو هونەرمەندە لە سەرەتای لاوێتیەوە لەلایەن باوکیەوە فێری وێنەگرتن بوو، بەدرێژانی نزیک ٧٠ ساڵە وێنە مێژو و کەسایەتی و سروشتی سلێمانی و شارەکانی کوردستان دەگرێت و، چەند ساڵێکیشە ماڵەکەی خۆی کردۆتە ئەرشیف بۆ وێنەکانی کە مێژووی شارەکەی تیا دەبینرێتەوە.

 

رەفیقی مسەوەر بە دەیان گەنجی فێری وێنەگرتن کردووەو وەک قوتابخانەیەک ئەو کەسانەی فێرکردووە کە ئارەزووی وێنەگرتنیان کردووە، یان روویان لەو کارە کردووە.

 

رەفیقی مسەوەر لە دایکبووی سلێمانییە ساڵی ١٩٢٣و ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئەیلول ماڵئاوای لە هاورێ و هاوشاریەکانی کرد.



AM:11:03:08/09/2020