" سپی " بەرنامەی سەردانەیەکی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

سبەی پێنج شەممە ١٠ی ئەیلول مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ یەکەمجار لەو کاتەوەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەپێی زانیاریەکانی " سپی " دوو رۆژ دەمێنێتەوە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەغداوە دەست ماڵپەڕی" سپی " کەوتووە لە پلانی سەردانەکەی کازمیدا بووە یەکەم شاری هەرێمی کوردستان کە سەردانی بکات، هەڵەبجەی شەهید بووە، بەلآم بەهۆی نەبوونی فڕۆکەخانەو کەموکوڕی تەکنیکیەوە ئەو پلانە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، سبەی یەکەم شوێنی سەردانی هەولێری پایتەخت دەبێت بەیەکەم شوێنی سەردانەکەی، هەر سبەی لەوێ دەمێنێتەوە، بۆ رۆژی دووەم سەردانی سلێمانی و دواتر پارێزگای هەڵەبجە دەکات.

 

دەربارەی ئەو دۆسیەیانەی بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم مستەفا کازمی وتوێژی لەسەر بکات، بەپلەی یەکەم پرسی دەروازە سنوریەکانەو، دواتر دۆسیەی نەوت و دۆسیەکانی دی.

 

 " سپی " زانیوویەتی مستەفا کازمی لە سەردانی دوو رۆژی داهاتوویدا  بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەکات.

 

سبەی پێنج شەممە بۆ یەکەمجار مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێم دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبێتەوە، پرسی دەروازە سنوریەکانیش یەکێک دەبێتە لە پرسە هەرەسەرەکییەکانی کازمی کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەیەوێت یەکلایی بکاتەوە، وەک دەروازەکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق کە لەدەست میلیشیا شیعەکانی سەندەوە، دەیەوێت لە کوردستانیش کێشەی ئیدارەدانی دەروازەکان بکات بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم.

 

 



PM:08:52:09/09/2020