بەندکراوێکی سیاسی کورد سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە دوو ساڵ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپێنرا. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاکر بێهرووزی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە تۆمەتی "بەغی" و  ”ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەلە“ بە سەر ناوبراودا سەپاوە و بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە. سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە.

شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، کۆتایی مانگی سێی ٢٠١٩ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراو دا سەپاوە و لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

ناوبراو کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ٣ی ٢٠١٩ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

PM:02:32:11/09/2020