پزیشكانی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە ئاڕاستەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دەكەن

سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی هەولێر لە بەیانێکدا کە ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم کراوە، ڕایدەگەیەنن" زۆر بەتوندی ئیدانەی هێرشكردنە سەر پزیشكێكی گەنج (پزیشكی نیشتەجێی خولاو) دەكەین كە لە كاتی ڕاپەڕاندنی ئەركی فەرمی دا و لە ناو توشبوانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بە شێوەیەكی زۆر دڕندانەو و نا مرۆڤانە هێرش كراوەتە سەر ئەو پزیشكە گەنجە لە لایەن كەس و كاری نەخۆش".

 

لەو بەیاننامەیەدا ئەوەش هاتووە" ئێمە لە سەندیكای پزیشكانی كوردستان نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین و داوای ڕێككاری زۆر بەپەلە دەكەین بۆ سزادانی كەسانی هێرشبەر، سەندیكای پزیشكان بە ئەركی سەرەكی خۆی دەزانێت ئەو كەیسە بگرێتە ئەستۆ و مافی پزیشكەكە بسەنێتەوە".

 

داوا کارییەکانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی هەولێر بریتین لە: 

 

١. لە ماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر هەموو كەسانی هێرشبەر دەستگیر بكرێن و ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.

 

٢. قەرەبووی معنوی و ماددی پزیشكەكە بكرێتەوە.

 

٣. پارێزگاری و ئەمنینەتی نەخۆشخانەكان توندوتۆڵتر بكرێن و ڕێگە نەدرێ حاڵەتی وا دووبارە بكرێتەوە.

 

٤. لێكۆڵینەوەی ورد بكرێ لەگەڵ ئەو هێزەی پارێزگاری لە نەخۆشخانە دەكات، دەپرسین ئاخۆ چۆن دەكرێ لە هەبوونی هێزی ئەمنی لەناو نەخۆشخانە هێرش بكرێتە سەر پزیشك.

 

٥. پەڕلەمانی كوردستان هەرچی زووە كار بكات بۆ دەرچواندنی یاسای “پارێزگاری كردن لە پزیشكان” وەك چۆن لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەت دا هاتووه.



PM:07:37:13/09/2020