گرووپی ویژدان، لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەیەكی بۆ دۆسیەی لاڤانی هەشت ساڵان رێكخست و یاداشتێکیان ئاراستەی رای گشتی کرد.
لەو یاداشتەدا کە ئاراستەی داواکاری گشتیش کراوە تیایدا هاتووە " دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان بەهەموو پێودانگێک بۆتە دەسەڵاتی ستەم و بێ مافی بەرامبەر خەڵک و بەزەقی پێشێلکاری یاسایی دەکات. دەستێوەردانێکی حیزبیانە و نا ئەخلاقیانە لەدۆسیە هەستیار و مافدارەکانی خەڵک، بەبەرچاوی دەسەڵاتی دادوەریەوە ئەنجام ئەدرێت. تاوانبار و بکوژ و دەستدرێژیکەر، ئازاد ئەکرێت. تاوانلێکراو و مافدار و زوڵملێکراویش، چاوترسێن و شاربەدەر و سەرکوت دەکرێت. ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتی ئەوانەیە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر پاکیزەیی و پیرۆزیەکانی خەڵک و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن. کەچی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا پەیوەندیدارەکان، لەبەرامبەر ئەم پێشێلکاریە یاساییانە، تا ئێستا بێدەنگیان نواندووە، سادەترین هەڵوێستی یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانی خۆیان نیشان نادەن.
دۆسیەی لاڤە خانی تەمەن ٨ ساڵان و باوکی بەڕێزی، پەڵەیەکی ڕەشن بەنێو چاوانی ئەم دەسەڵاتەوە. سیستەمی دادوەری و دادگا و داواکاری گشتی، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیان دەکەوێتە سەر شان و پێویستە ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆیان دەرهەق بەم کەیسە و دەیان کەیسیتر بخەنەڕوو".
لە نیسانی ساڵی رابردوودا، باوكی لاڤانی هەشت ساڵان ئاشكرایكرد لەلایەن چەند كەسێكەوە دەستدرێژی كراوەتەسەر كچەكەیی و چەند بەرپرسێكی حزبیشی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان لەو دۆسیەیەدا هەیە.
لەسێ ی مانگی ئەیولدا، دادگای تێكەڵچوونەوەی هەولێر، بڕیاری ئازادكردنی ئەو پێنج كەسەی دەركرد، كە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ئەو كچە دەستگیركرابوون.
یاداشتنامەی گرووپی ویژدان
بەڕێزان
داواکاری گشتی و دادگا
پارێزەران
مافپەروەران
ڕێکخراو و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان:
دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان بەهەموو پێودانگێک بۆتە دەسەڵاتی ستەم و بێ مافی بەرامبەر خەڵک و بەزەقی پێشێلکاری یاسایی دەکات. دەستێوەردانێکی حیزبیانە و نا ئەخلاقیانە لەدۆسیە هەستیار و مافدارەکانی خەڵک، بەبەرچاوی دەسەڵاتی دادوەریەوە ئەنجام ئەدرێت. تاوانبار و بکوژ و دەستدرێژیکەر، ئازاد ئەکرێت. تاوانلێکراو و مافدار و زوڵملێکراویش، چاوترسێن و شاربەدەر و سەرکوت دەکرێت. ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتی ئەوانەیە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر پاکیزەیی و پیرۆزیەکانی خەڵک و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن. کەچی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا پەیوەندیدارەکان، لەبەرامبەر ئەم پێشێلکاریە یاساییانە، تا ئێستا بێدەنگیان نواندووە، سادەترین هەڵوێستی یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانی خۆیان نیشان نادەن.
دۆسیەی لاڤە خانی تەمەن ٨ ساڵان و باوکی بەڕێزی، پەڵەیەکی ڕەشن بەنێو چاوانی ئەم دەسەڵاتەوە. سیستەمی دادوەری و دادگا و داواکاری گشتی، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیان دەکەوێتە سەر شان و پێویستە ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆیان دەرهەق بەم کەیسە و دەیان کەیسیتر بخەنەڕوو.
ئەوەی ڕوودەدات لەم هەرێمە، لەکوشتن و بڕین و برسیکردن، لەدەستدرێژی و لاقەکردن و کوشتن بەبیانووی شەرەف، لەکەدارکردنی کۆی پیرۆزیەکانی کۆمەڵگای کوردی و شکاندنی شکۆ و کەرامەتی ئەم کۆمەڵگایەیە. بێگومان لەهەموو جێگایەکی ئەم دونیایە تاوان و دەستدرێژی ڕوو دەدەن، کەسانی نەفس نزم و نەخۆش و تاوانبار هەن. بەڵام ئەوەی دەسەڵات و دادگایەک بتوانێ تاوانباران بپارێزێت و قوربانی شاربەدەر بکات و سزایان بدات، ئەمە لەکوێی ئەخلاق و یاسا و لەکوێی جیهاندا جێگەی بۆتەوە. دەپرسین بۆچی دەسەڵاتی دادگا و سیستەمی دادوەری و لەسەرو هەمووشیانەوە پەرلەمان، خۆیان لەم بێ مافی و ستەمە، بێدەنگ کردووە. ئەمەیە ئەو فەزیحە گەورەیەی کە دادگا و سیستەمی دادوەری و پەرلەمان، ناتوانن خۆیانی لێی بدزنەوە.
ئێمە وەک گروپی ویژدان کە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە هاتووین، لەنزیکەوە ئاگاداری هەموو ئەو پێشێلکاری و بەلاڕێدابردن و دەستێوەردانە هەین، کە لەم دۆسیەدا کراوە. بۆیە ڕایدەگەیەنین کە دەسەڵات و سیستەمی دادوەری بەرپرسیاری یەکەمن لەم پێشێلکاری و دەستێوەردانانە. بەتایبەت ڕووی دەممان ئەکەینە دەسەڵاتی دادوەری و داوا دەکەین خۆیان پاکبکەنەوە لەم کەیسە شەرمهێنەر و ئابڕوو بەرانەیە.
داواش لەهەموو مافپەروەران و ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی چاودێری و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی تاوان و توندوتیژی دژ بەژنان دەکەین، پێکەوە بەئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمان هەستین و لەپێناو گەڕانەوەی ماف و شکۆی ئەم خێزانە ستەملێکراوە، دەنگمان هەڵبڕین و چیمان لەدەست دێت و هەر ڕێگایەکی ڕەوا و مافدار و یاساییە، بیگرینە بەر.
بێدەنگی لەبەرامبەر ئەم کەیسە ئابڕووبەرانەیە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێ. پێویستە هەمووان بەیەکدەنگ نەفرەت لەرەفتاری دزێو و نامەردانە بکەین. دەبێ پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان بگەن. ئەم خێزانە بەڕێزەش قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.
گروپی ویژدان
٢٠٢٠/٩/١٥
وێنەیەک بۆ:
داواکاری گشتی سلێمانی
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکخراوی چاودێری و دەستەبەری کۆمەڵایەتی
ڕێکخراوی نەهێشتنی تاوان
یەکێتی مافپەروەرانی کوردستان
ڕێکخراوەکانی دژ بەتوندوتیژی بەرامبەر ژنان