باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق ماسیو تولەر ئەمرۆ لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە شاری ھەولێر کۆبۆوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و ماسیو تولەر گفتوگۆیان لەسەر چەندین بابەتی گرینگی وەکو دیالۆگی ستراتیژی ئەمەریکا و عێراق و گفتوگۆییە ھەنووکەییەکانی حکومەتی ھەرێم لە گەڵ بەغداد دەربارەی بوودجە و پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گرینگی ئازادی ڕاگەیاندن کرد.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە. گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی ئاسایش لە پارێزگاکانی رۆژئاوا کرد و باسیان لە گرینگی دڵنییایدان لە ژینگەیەکی پارێزراو و سەلامەت کرد بۆ بەردەوامی گەڕانەوەی دانیشتووانی ئێزدی بۆ شەنگال. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستانێکی بەھێز لەناو عێراقی فیدراڵدا.