نەتەوە یەکگرتووەکان میلیشیاکانی سەر بە تورکیا بە تاوانی جەنگی دژی کورد تۆمەتبار دەکات

نەتەوەیە کگرتووەکان میلیشیا ئیسلامییەکانی سوریای سەر بە تورکیا بە تاوانی جەنگ لە سەری کانی و عفرین تۆمەتبار دەکات و، داوا لەو وڵاتە دەکات کۆنترۆڵیان بکات.

 
لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێ شەممە داوای لە تورکیا کرد کۆنترۆڵی ئەو میلیشیانە بکات کە سەر بەو وڵاتەن و رێگایان لێبگرێت کە تاوانی جەنگ لە ناوچەکانی عفرین و سەری کانی و گرێ سپی ئەنجام دەدەن.  

 
هەروەها لەو راگەیاندنەی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە" ئەو چەکدارانە خەڵکی سڤیڵ لە سوریاوە دەگوێزنەوە بۆ تورکیاو دەستیگیریان دەکەن و دادگاییان دەکەن، هەروەها بەزۆر کۆچیان لە شوێنێ نیشتەجێی خۆیان پێدەکەن، ئەمەش دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە".

 
ئەو راپۆرتە کێوماڵی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ کردووە و تیایدا هاتووە " کووشتن و دەستدرێژی سێکسی دژی مەدەنیەکان لەلایەن ئەو گرووپانەوە ئەنجام دەدرێت بە بیانووی تایفەگەری، سەرجەم ئەو رووداوانەش لە هەڵکشاندان".

 
باولو بینیرو، سەرۆکی لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" سووپای سوریای نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشت دەکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە تاوانی جەنگی لە عفرین و سەری کانی و ناوچەکانی سەر بەدوو شارە ئەنجام دابێت".


ساڵی پار تورکیا و میلیشیا ئیسلامییەکانی سەر بەو وڵاتە کۆنترۆڵی سەری کانیانن کرد، هەرچەندە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە بەرگری توندکرا.

 


AM:09:18:16/09/2020