دەزگای لوتکە: یەختێک بە ژمارەیەک کۆچبەرەوە نقوم بوو
کوردی تێدایە

نوێنەرایەتیی دەزگای لوتکە لە ئەوروپا ڕایگەیاند" کە یەختێک بە زیاتر لە ٨٠ سەرنشینەوە لە نێوان تورکیا و یۆنان و لە نزیک دوورگەی کریت نقوم بووە".

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە" یەختێک بە زیاتر لە ٨٠ سەرنشینەوە لە نێوان تورکیا و یۆنان و لە نزیک دوورگەی کریت نقوم بووە، پۆلیسی دەریاوانیی یۆنان بە پەلە گەیشتوونەتە سەر ڕووداوەکە و توانیویانە ٥٧ کۆچبەر ڕزگار بکەن".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەزگای لوتکە باسی لەوەشکردووە: هەروەها بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش ٤ تەرم دۆزراونەتەوە کە دوو ئافرەت و دوو منداڵی تەمەن ٦ و ٧ ساڵانن، کۆچبەرەکان کوردن، ئەفغانین، پاکستانین، بەنگلادیشی و سۆماڵین.

 

وتیشی" هێشتا تەواوی ژمارەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە و هێزی دەریاوانی تا ئێستا لە شوێنی ڕووداوەکە بەردەوام دەگەڕێن بە دوای کۆچبەری دیکەدا".

 

هاوکات بە پێی ئاژانسێکی یۆنانی، ١٧ کۆچبەری دیکە نادیارن بەڵام وەزارەتی دەریاوانی یۆنان ژمارەکەی پشتڕاست نەکردەوە چونکە هێشتا دڵنیا نین لە ژمارەی ڕاستەقینەی سەرنشینەکان.



PM:01:57:16/09/2020