ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوكرایەوە

بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕأگەیەندراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ بە شكۆوە یادی شەهیدانی كوشتارگەی گوندی سۆریای سەر بە شارۆكەی زاخۆ دەكەینەوە كە لە 16ی ئەیلوولی 1969 ڕژێمی بەعس تاوانێكی گەورەی ئەنجام دا و چەندین كەس لە هاووڵاتییانی مەسیحی و موسڵمانی گوندەكە شەهید بوون. 

پاشان سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەدا كە ئەم سەردانە بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەبینین لە پێناو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور كە هیوادارین بە كردەیی گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام و لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت .

 

وتیشی كێشەكان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی هەرێم لە بودجە نییە، بەڵكو جیا لە كێشەكانی پەیوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەكانی دیكەی هەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێكی دیكەی ناكۆكییەكانە لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پوختەیەكی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی سەبارەت بە بودجە و وزە خستە ڕوو. ئاماژەشی بەوەدا كە گفتوگۆكان بەو ئاراستەیە بەردەوامن كە ڕێككەوتنێكی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان هەر یەك لە وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان و سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدرالی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو ، كە لە ڕۆژی 14 ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند كرا و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرا. تیشكیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەكە كە پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بنەماكانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق كرا بۆ ساڵەكانی 2021 تا 2023 كە لیژنەیەكی باڵای بۆ پێكهێنراوە و هەرێمی كوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ڕوونكردنەوەی پێویستی پێشكەش كرد وئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزارەتەكانی ڕاسپارد ، كە هەماهەنگی لە گەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بكەن بۆ ئەو مەبەستە، تا هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.



PM:03:50:16/09/2020