دانا عه‌بدولكه‌ریم: هه‌وڵ ده‌ده‌ین پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنین بكه‌ین به‌ ئه‌مری واقیع

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" هه‌وڵ ده‌ده‌ین پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنین بكه‌ین به‌ ئه‌مری واقیع و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێی بكه‌ین، له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنین ده‌ست پێده‌كه‌ین ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ ئاماده‌كردنی "feasibility study "پرۆژه‌كه‌".

 

دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ‌پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دیدارێکدا بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگەیاند" هه‌وڵ ده‌ده‌ین پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنین بكه‌ین به‌ ئه‌مری واقیع و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێی بكه‌ین، له ‌داهاتوویه‌كی نزیكدا قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی هێڵی ئاسنین ده‌ست پێده‌كه‌ین ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ ئاماده‌كردنی "feasibility study "پرۆژه‌كه‌، وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ده‌توانیین بانگه‌شه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی گه‌وره‌ی دونیا بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی له‌م پرۆژه‌یه‌دا به‌شداربن ئه‌وكاته‌ ده‌چینه‌ قۆناغی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنی ڕێگای خێرا "motorway/highway "یان هه‌ر ناوێكی تری لێ بنێین، ئه‌گه‌ر له‌ كۆتایی ئه‌م ساڵیشدا نه‌بێت، له‌سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی ده‌ره‌كی كه‌ ئاماده‌یان ده‌ربڕیووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌به‌شێوه‌ی وه‌به‌رهێنان كار له‌و بواره‌دا بكه‌ن و له‌و بواره‌شدا بچینه‌ پێشه‌وه‌".

 

دانا عه‌بدولكه‌ریم ڕونیكرده‌وه‌: هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی جوگرافیاوه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ ده‌توانرێت هێڵی ئاسنین له‌و شوێنانه‌ی كه‌ دیاریمان كردووه‌ بخرێنه‌كار چونكه‌ له‌ ئێستادا ماسته‌ر پلانێكمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هێڵی ئاسنینه‌ له‌ كوێوه‌ بۆ كوێ بێت هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ زاخۆ وه‌ "داخڵ "ده‌بیت به‌نزیك كه‌ركوكدا ده‌ڕوات ، له‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ و نزیكی پارێزگای كه‌ركوكه‌ ده‌ڕوات بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نددا گه‌یشتینه‌ ڕێكه‌وتن له‌ڕێی كه‌ركوكیشه‌وه‌ به‌ خوارووی عێراقیشه‌وه‌ ببه‌سرێته‌وه‌ هێڵه‌ ئاسنینه‌كه‌، ئه‌مه‌ ده‌چێته‌وه‌ پارێزگای سلێمانی له‌وێشه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان و بۆ په‌روێزخان، وه‌ هه‌روه‌ها هێڵێكیشی لێ ده‌ڕوات به‌ره‌ و ده‌روازه‌ی باشماخی نێوده‌وڵه‌تی واته‌ ئێمه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌ینه‌ قۆناغێكی تری گواستنه‌وه‌ی شتومه‌ك و هاتوچۆی هاوڵاتیان كه‌سوودێكی گشتی ئابوری و گه‌شتوگوزاریشی ده‌بێت.

 

دەربارەی دەنگۆی كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان؟ وتی" هەندێك لەو دەنگۆیانە هەندێك لەو برادەرانەی خۆمانن بەبانگەشە بڵاوی دەكەنەوە، پەرلەمانتارن و لەسەر پشكی گۆڕانن لەبەغدا زانیاری ناڕاست بە هاوڵاتیانمان و دەنگدەرانمان دەدەن بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی ڕێكەوتنێك بەشدارە لە كابینەی نۆیەم ئەم ڕێكەوتنە لە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندكراوە، وە بەبڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری حكومەتی كردووە، ئێمە لەسەر بڕیاری ئەوان لەم كابینەیە بەشدارین هەركاتێك جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاربدات كەئێمە لەحكومەت بكشێنەوه، لەحكومەت دەكشێنەوە".

لەبارەی بڕیاری كشانەوە لە حكومەت دەڵێت ئەو" بڕیارە پەیوەندیدارە بەباڵاترین دەسەڵاتی ناو بزوتنەوەی گۆڕان كەجڤاتی نیشتیمانییە بەدەر لەوە هەر برادەرێك بیەوێت "موزایەدە" بەسەر بزوتنەوەی گۆڕانەوە بكات لەسەر بنەمای ئەوەی ناو و ناوبانگی خۆی زیاد بكات بەڕاستی ئەوە كەسێكە هەست بە بەرپرسیارێتی ناكات، كەسێكە دەیەوێت پێگە و سەنگی بزوتنەوی گۆڕان لاواز بكات لەناو خەڵكی كوردستان وە هەوڵێكی چەواشەكارییە بۆ تێكدانی ئاراستەی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان".



AM:11:38:17/09/2020