کۆرۆنا ژیانی لەبەشێکی بەریتانیا پەکخست



لەناوچەیەكی باكووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا، ژمارەی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا زیادیكردووە و سەرلەنوێ ژیان پەکی کەوتەوەو حكومەتیش رێوشوێنی توند گرتەبەر. 

 
مات هانكۆك، وەزیری تەندروستی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ ی ئەیلول، بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، بەفەرمی قەدەغەی هاتووچۆی لەباكووری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی راگەیاند.


ئەو وەزیرە بە پەرلەمانتارانی وڵاتەكەی راگەیاند " هێشتا جەنگ لەدژی كۆرۆنا كۆتایی نەهاتووە و سەپاندنی رێكارەكانیش هێڵێكی بەرگری بەهێزە لەنێوان هاووڵاتیان و ڤایرۆسەكەدا".

 
بۆریس جۆنسۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هۆشداریدا لەوەی كە ناچار دەبن رێكاری توندتر بۆ رێگریكردن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاراستنی جەژنەكانی كریسمیس بگرنەبەر.

 
بڕیارە رێكاری نوێ‌ بەسەر ناوچەكانی نۆرزەمبەرلاند و تاینساید و نیوكاڵیشدا دەسەپێنرێن، لەوانە رێگریكردن لەتێكەڵاوبوونی خێزانەكان و قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە سەعات ١٠ی شەوەوە لەسەرجەم خواردنگە و یانەو شوێنەكانی حەوانەوە، بڕیارەكەش لە سبەینێ‌ هەینییەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


دوێنێ‌ چوارشەممە لە بەریتانیا، 3٣ هەزار و ٩٩١ حاڵەتی نوێ تۆماركران، بەوەش كۆی گشتی حاڵەتەكانی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا گەیشتە ٣٨٧ هەزار حاڵەت، لەنێویشیاندا ٤١ هەزار كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

 


AM:12:58:18/09/2020