وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عیراق دانپێدانێكی له شوێنى تاوان به (مەهدی حوسێن ناسڕ مەتەڕ) وەک تۆمەتباری بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغدای بڵاو کردەوە و دەڵێت لەکاتی ڕووداوەکەدا "سەرخۆش بووە".
ئاژانسی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دانپێدانێكی نوێی بكوژەكەی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند" ماوەی چوار ساڵ بوو (دارا)باوكی شیلانی دەناسی، بەڵام بەو جۆرە نا كە سەردان و هاتووچۆ هەبووبێت لە نێوانیاندا و چاودێریشی كردوون".
ئاماژەی بەوەشکردوە" ئەو ئێوارەیەی كە چووە بۆ دزیكردنەكە بەو نیازە چوە كە "ئەبو شیلان" لە ماڵەوە نەبێت، بەڵام كاتێك لە جەرەسی دەرگای داوە ئەبو شیلان دەرگاكەی لێكردوەتەوە، كە چوەتە ژورەوە دوو چەقۆی لە شانی "ئەبو شیلان" داوە، دواتر هاوسەرەكەی "ئەبو شیلان" دەركەوتووەو كە روداوەكەی بینیوە هاواری كردووە، بەچەقۆ لە ئەویشی داوە".
لە ڤیدیۆکەدا بکوژی خێزانەکە دەشڵێت" كە ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەكان بووە، تاوەكو بەیانی ڕۆژی دواتر لەو ماڵەدا ماوەتەوە و پاشان چووە بۆ هەولێر و لەوێ دەستگیركراوە".
وتیشی" پاشان شیلان هاتووەتەوە بۆ ماڵەوە و تووشی شۆك بووە كاتێك تاوانبارەكەی لە ماڵەكەیان بینیوە و پرسیاری دایك و باوكی كردووە، كاتێكیش ویستوویەتی هاوار بكات، دەمی گرتووە و دواتریش بە سەرینێك خنكاندوویەتی".
جێگەی باسە شەوی ١٥ی ئەیلول، خێزانێکی کوردی دانیشتووی ناوچهى مهنسووڕى شاری بەغدا لە ماڵەکەی خۆیان بە کوژراوی دۆزرانەوە، سەرۆکی خێزانەکە ناوی (دارا ڕەئووف حهیدهر) بووه و لەگەڵ هاوسەر و کچەکەی بە ناوی (شیلان) كه پزیشكى دهرمانسازبووه بۆ پاره كوژراون، بە وتەی کەسوکاریان سەرجەم موڵکەکانیان فڕۆشتووە و بەنیازبوون بەیەکجاری بگەڕێنەوە بۆ شاری سلێمانی.
Copy