هەواڵگری عێراق حەقیقەتی هەڕەشەی مناڵە ئاوارەکە ئاشکرا دەکات

هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی عێراقی وردەکاریی دۆسیەی ئەو منداڵەی ئاشکراکرد کە داوای دەستوەردانی مستەفا کازمی کرد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەڕەشەکە بەو شێوەیە نییە.

 
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" بەفەرمانی سەرۆک وەزیران و سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆ بەدەم هاواری منداڵێکی ئاوارەوە چوون لە کەمپی یەحیاوای کەرکوک".  


لە بەیانەکەدا هاتووە" ئەوەی منداڵەکە باسیدەکات لەبارەی دیارنەمانی براکەیەوە بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک راستییەکەی بەو جۆرەیە کە براکەی دەستبەسەرکراوە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر لەلایەن یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانەوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".  

 
  
دەربارەی هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵەکە، هەواڵگری عێراق دەڵێت  " لەرێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە بووە و هیچ هەڕەشەیەکی راستەوخۆ نییە و سکاڵای یاسایی لەیەکێک لە بنکەکانی پۆلیس تۆمارکراوە".  
  
هەروەها وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق فەرمانی دەرکردووە کە بەدواداچوون بۆ ئەو کێشەیە بکات. 


ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیی منداڵێکی دانیشتوی کەمپی یەحیاوەی باشوری کەرکوک کە تایبەتە بە ئاوارە تورکمانەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا داوا لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران دەکات دەستوەردان بکات بۆ رزگارکردنیان لەدەست کەسێک کە هەڕەشەی کوشتن و رفاندن و دەسترێژیکردنە سەریان لێدەکات.    
  
  
  


 

 


PM:09:37:18/09/2020