هەدەپە: دوو هاوڵاتی کورد لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵدراونەتە خوارەوە

هەدەپە رایدەگەیەنێت" کە بەڵگە لەبەردەستیان هەیە کە دوو هاوڵاتی کورد بەناوەکانی عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت بە هەلیکۆتەر لەلایەن سەربازانەوە هەڵدراونەتە خوارەوە".

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هەدەپە) ڕایگەیاند" نوێنەرانی دەسەڵات کە بە زمانی مافیا و چەتەکان قسە دەکەن، ڕژێمێکی تاوانیان دروست کردووە کە لە ساڵەکانی ٩٠ مەترسیدارترە".

 

هەدەپە لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوە دەکات، لە ناوچەی شاخێی وان سەربازانی تورکیا (عوسمان شیبانی) ٥٠ ساڵ و (سەروەت تورگوتی) ٥٥ ساڵیان دەستگیر کرد و دواتر لە هەلیکۆپتەر هەڵیاندانە خوارەوە. هەدەپە ئاشکراشی کرد کە بەڵگەی ئەوەش لە دەستی ئەواندا هەیە.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە" کە ١٠ رۆژ بەسەر ڕووداوەکە تێپەڕیوە ، لە حکومەت و نە دەسەڵاتی خۆجێی هیچ قسەیەکیان نەکردووە. ئەگەر تاوانەکە بە فەرمانی حکومەت ئەنجامدرابێت، بە تەئکیدی پێویستە حکومەت لێدوان بدات".

 

هەدەپە وتیشی" ئەم کردەوەیە لە تاوانەکانی دژە مرۆیی ساڵەکانی ٩٠ مەترسیدارترن. هوشداری بە ئەو کەسە بێئەخلاق و زاڵمانە دەدەین کە گەل لەبەرانبەر هێرشەکانیان ناترسێت و سەریشی دانانەوێنێت. هیچ کۆمەڵکوژی و کودەتایەک نەیتوانیوە خەباتی کورد بووەستێنێت. ئێوەش لەناو تاوان و ئەشکەنجەی خۆتاندا دەمێننەوە".

 

لەبارەی ته‌ندروستی دوو برینداره‌كه‌ هه‌ده‌په‌ رونیكردووه‌ته‌وه‌: له‌ ئێستادا له‌ ژێر چاره‌سه‌ریدان و "تاکە شتیش کە هێرشەکان بووەستێنێت خاوەنداریکردنە لە تێکۆشانی ئاشتی و ئازادی. لەگەڵ گەلانی تورکیا بەردەوامی بە تێکۆشانمان دەدەین".



PM:09:04:21/09/2020