لە شەش مانگی ڕابردوودا ١٥ جار پێكدادان لە نێوان سوپای پاسداران و لایەنەكانی ڕۆژهەڵات ڕوویداوە

لە شەش مانگی ڕابردوودا لە سنوورەكانی كوردستان چەندین شەڕ و تێكهەڵچوونی قورسی لەنێوان هێزەكانی سوپای پاسداران و هێزە كوردستانییەكانی بەخۆیەوە بینیوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا بەپشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوەكە ئاماری شەش مانگی ڕابردووی پێكدادانەكان بڵاودەكاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، لانیكەم ١٥ تێكهەڵچوونی چەكداری لە سنوورەكانی كوردستان تۆمار كراوە كە كوژران و برینداربوونی چەندین كەسی لە دوولایەنی شەڕ لێكەوتووەتەوە.

ئاشكراشیدەكات، لە ئاكامی ئەو تێكهەڵچوونانەدا ١٣ ئەندامی سوپای پاسداران و هەنگی مەرزی كوژراون و ١٨ی دیكەش بریندار بوون، لە كۆی ئەو تێكهەڵچوونانەش پێنج ئەندامی لایەنێكی كوردی گیانیان لەدەستداوە كە ئەو حیزبە هەتا ئێستا بە فەرمی ناوەكانیانی ڕانەگەیاندووە، هاوكات لە ئاكامی چوار تێكهەڵچوونیش بۆ هەنگاو ڕوون نەبووە و زیانی گیانی لایەنەكانی شەڕ نەنزانراوە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، لە كۆی ئەو ١٥ تێكهەڵچوونە ٧ جار هێزەكانی نزیك لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ٧ جار هێزەكانی نزیك لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی ئێران تێكهەڵچوون و جارێكیش نەزانراوە كە كام لایەن بووە.

بەپێی زانیارییەكانی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیكەم ٢١ هاووڵاتیی مەدەنی لە سنوورەكانی كوردستان كوژراون یان بریندار بوون كە ٩ كەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٢ كەسیان بریندار بوون.

PM:01:09:22/09/2020