سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ:
یاداشتەکەمان بۆ پرساندنی سەرۆکی حکوومەت ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکەین

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند" رۆژی یەکشەممە یاداشتەکەمان بۆ پرساندنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکەین". 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان وتی" عەلی حەمە ساڵح واژووی لەسەر یاداشتەکە کردووە و ئێستا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواوە بۆ رۆژی یەکشەممە پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن". 

عەبدولستار مەجید ڕاشیگەیاند"هەموو ئەو داواکارییانەی پێشتر سەرۆکی پەرلەمان داوای کردبوو بە یاداشتەکەوە هاوپێچ کراوە، دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان نامە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت دەبێت لە میانی یەک هەفتەدا حکوومەت وەڵام بداتەوە کە چ کات ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت، ئەگەر پاساوی یاساییان هەبێت دەتوانرێت دەرفەتی مانگێکیان پێبدرێت و دوای مانگێک ئامادەی دانیشتنێکی پەرلەمان بن". 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی وتیشی" دوای ئەو مانگەش ئەگەر ئامادەنەبوون بۆ پرساندن بێنە پەرلەمان ئەوا ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان بیەوێت پرۆسەکە بەبێ ئامادەبوونی ئەوانیش بەرێوەدەچێت". 

PM:05:50:24/09/2020