دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا دەکەوێت

ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەگەری زۆر هەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم کە پێشبینی دەکرا ئەم هەفتەیە بێت دوا بکەوێت، یان بەهێواشی و وەزارەت وەزارەت دابەشبکرێت.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە " سپی " راگەیاند تا ئێستا هیچ وادەیەک دیار نییە بەغدا پشکی پارەی بڕیار لەسەر دراوی مانگانە رەوانەی هەولێر بکات، لەبەر ئەوەی عێراق خۆی کێشەی دارایی گەورەی هەیە.

 

بەپێی ئەو زانیاریانە لە ئێستادا عێراق خۆی کێشەی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی خۆی هەیە، لەبەر نەبوونی " سیوولە "، هەر بۆیە ناتوانێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕی ٣٢٠ ملیار دیناری عێراقی رەوانەی هەرێم بکات.

 

هەربۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم بڕیار بدات لەسەر داهاتی خۆی مووچە بدات، دەبێت هەر رۆژەو وەزارەتێک مووچە وەربگرێت تا پارەکەی بەغدا دەگات، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا لەیەک هەفەتەدا مووچەی مانگی نیسان دابەشبکرێت.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند کە رێژەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران لە ٢١٪ ەوە کەمدەکاتەوە بۆ ١٨٪و پێشبینیش دەکرا ئەم هەفتەیە دەستبکرێت بەدابەشکردنی مووچە کە تا ئێستا هیچ دیار نییە.

 

 

 



PM:12:17:28/09/2020