بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" خوێندكاران و مامۆستایان و هه‌موو ستافی قوتابخانه‌كان هه‌موویان ده‌بێت به‌ماسكه‌وه ده‌وام بكه‌ن". دەشڵێت" حكومه‌ت پاره‌ی دابین كردوه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو قوتابخانه و پۆله‌كاندا گه‌رمی پێ‌و هه‌بێت و گه‌رمی قوتابیه‌كان بگرێت پێش ئه‌وه‌ی بچنه ناو پۆله‌وه".
د. سه‌یوان عه‌لی، سه‌باره‌ت به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندن به ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "پیرۆزبایی ده‌كه‌م كه دوێنێ قوتابخانه‌كانمان كرده‌وه و توانیمان به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و زه‌نگ له لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمه‌وه لێدرا كه ئێمه له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی ده‌زانیین له‌م حاڵه‌ته‌دا كه هه‌م قه‌یرانی ئابووری و هه‌م قه‌یرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا خه‌ریكه هه‌موو ناوچه‌كه هیلاك ده‌كات، ئێمه توانیومانه كه خوێندن ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه هه‌ندێكی ئۆنلاینه و هه‌ندێكی له‌ناو پۆلدایه بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده وتی: "ئێمه پۆله‌كانمان دابه‌شكردووه به‌چه‌ند قۆناغێكه‌وه قۆناغی یه‌ك و دوو، قۆناغی دوانزه، ئه‌م دوو قۆناغه زۆر هه‌ستیارن و پێویسته له‌ناو پۆلدا وانه بخوێنن. قۆناغی یه‌ك و دوو 10/10 ده‌ستپێده‌كات دوو هه‌فته دوای پۆلی دوانزه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه خوانه‌خواسته كردنه‌وه‌ی قوتابخانه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ڤایرۆسه‌كه گه‌شه‌ی كرد، ئێمه ده‌توانیین هه‌نگاوی تر بنێین له‌باره‌ی قۆناغی یه‌ك و دووه‌كانه‌وه، ده‌توانیین رێنمایی تازه ده‌ربكه‌ین له‌و باره‌یه‌وه به‌ڵام هۆكاری ئه‌وه‌ی كه پۆلی دوانزه به‌ئاماده‌بوون له‌پۆله‌كان ده‌خوێنن و پۆله‌كانی تر ئۆنلاین ده‌خوێنن ئه‌وه‌یه كه قۆناغی دوانزه قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاره، قۆناغێكی زۆر چاره‌نوسسازه بۆ قوتابیه‌كان چونكه ئه‌و قۆناغه ته‌واو ده‌كه‌ن، ده‌بێت به باشترین شێوه ئاماده‌بكرێن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی گشتی-ییان و نمره به‌شێوه‌یه‌كی جوان بهێنن".
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی قوتابیه‌كان چه‌نده ده‌بن له‌هه‌ر پۆلێكی خوێندندا؟ د. سه‌یوان عه‌لی ده‌ڵێت: "ژماره‌ی خوێندكار ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و هۆڵه‌ی كه وانه‌ی تێداده‌خوێنن چه‌ند فراوانه، ئێمه وتومانه هه‌ر قوتابیه‌ك بۆ قوتابیه‌ك به‌هه‌موو ئاراسته‌كان ده‌بێت مه‌ترو نیوێك به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه دووربن له‌یه‌كتریه‌وه، یه‌ك مه‌ترو نیو نێوانیان هه‌بێت به هه‌موو ئاراسته‌كان واته بۆ پێشه‌وه وبۆ دواوه و بۆ ڕاست و چه‌پ، ده‌بێت هه‌موو قوتابیه‌ك ماسكی پێبێت".
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ژماره‌ی هۆڵه‌كانی خوێندن و شێوازی قوتابخانه‌كان گونجاون بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی خوێندكاران بكات؟ د. سه‌یوان وتی: "ئێمه ئێستا كه ده‌ڵین ده‌وام ده‌ستپێده‌كاته‌وه له رێنماییه‌كانه نوسراوه سوود له مامۆستایانی پۆله‌كانی 10 و 11 كانیش ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه قوتابخانه‌یه‌ك 15 پۆلی تێدایه‌یان 12-18 پۆلی تێدایه، ته‌نها پۆلی 12 و 1 و 2 ده‌وام ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كرێت سوود له‌هۆڵه‌كانی تریش بكه‌ین، سوود له‌مامۆستاكانی 10و 11 ش ده‌كه‌ین، ده‌توانیین له هۆڵه‌كان دایانبنێین وانه به‌قۆناغی 12 بڵێنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌توانیین دابه‌شیان بكه‌ین به‌سه‌ر هۆڵه‌كاندا چونكه هۆڵی چۆڵ-مان زۆر ده‌بێت له‌قوتابخانه‌كاندا".
"خوێندكاران و مامۆستایان و هه‌موو ستافی قوتابخانه‌كان هه‌موویان ده‌بێت به‌ماسكه‌وه ده‌وام بكه‌ن حكومه‌ت پاره‌ی دابین كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو قوتابخانه‌و پۆله‌كاندا گه‌رمی پێ‌و هه‌بێت گه‌رمی قوتابیه‌كان بگرێت پێش ئه‌وه‌ی بچنه ناو پۆله‌وه، مادده‌ی پاكژكردنه‌وه بۆ ده‌ستیان ئاماده كراوه حكومه‌ت 540 ملیۆن دیناری داناوه بۆ بابه‌تی گه‌رمی پێ‌و و مادده‌ی پاكژكردنه‌وه له‌ناو پۆله‌كاندا"، د. سه‌یوان عه‌لی بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وای وت.
بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونیكرده‌وه: "مامۆستا و قوتابی هه‌موو كاتێك كه ده‌چێته قوتابخانه ماسكی پێبێت بۆ نموونه قوتابی ئه‌گه‌ر هۆكارێكی ته‌ندروستی هه‌بێت و ته‌نگه‌نه‌فه‌س بێت له‌وانه‌یه یارمه‌تی بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕواته ده‌ره‌وه له پۆله‌كه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه له‌پۆله‌كه‌دان بۆ پارێزگاریكردن له ژیانی خۆیان پێویسته هه‌موویان ماسكیان پێبێت، ئیجباریشه به‌هیچ شێوه رێگه‌نادرێت به‌مامۆستا و به‌قوتابی به‌بێ ماسك بڕۆنه ناو پۆله‌كانه‌وه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هیچ سزایه‌كتان دیاریكردووه له حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی مامۆستا و قوتابی پابه‌ندنه‌بوون به‌به‌ستنی ماسك؟ د. سه‌یوان عه‌لی ده‌ڵێت: "من وای بۆده‌چم مامۆستاكان بتوانن رۆڵ ببینن سه‌رپه‌رشتیاره‌كان بتوانن رۆڵ ببینن كه قوتابیه‌كان تێبگه‌یه‌نن كه ئه‌مه له قازانجی خۆیانه، وای بۆ ناچم قوتابیه‌ك ئینكاری بكات و بڵێت من ماسك نابه‌ستم و ئێوه چی ده‌كه‌ن بیكه‌ن، قوتابیه‌كانمان قوتابی به ئه‌ده‌ب و رێكوپێكن و گوێ له‌مامۆستاكانیان ده‌گرن، خۆشبه‌ختانه قوتابیه‌كان گوێ له‌مامۆستاكان ده‌گرن و مامۆستاكانیش رێنماییان بۆ ده‌رده‌كه‌ن من وای بۆ ده‌چم هه‌موو قوتابیه‌كان ماسك ببه‌ستن".
بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: "ئێمه وتومانه خوێندنی ئه‌لكترۆنی نه‌ك خوێندنی ئۆن لاین، هه‌ندێك له قوتابخانه تایبه‌ته‌كان ئۆنلاین ده‌خوێنن به‌ڵام له خوێندنگا حكومییه‌كان وتومانه خوێندنی ئه‌لكترۆنی، واته ئێمه مادده‌كان تۆمار ده‌كه‌ین قوتابی ده‌توانێت سوودی لێببینێت له‌كاتێكدا كه كاره‌با هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كاتژمێر هه‌شتی به‌یانی ئۆنلاین بێت هه‌موو قوتابیه‌كان پێویسته گوێ له مامۆستا بگرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌لكترۆنی بێت ده‌توانیین ئێمه تۆماری بكه‌ین كاتژمێر هه‌شت-یش كاره‌با نه‌بێت كاتژمێر دوانزه كاره‌با هه‌یه".
د. سه‌یوان عه‌لی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌داته‌وه كه چی ده‌كرێت بۆ ئه‌و گوند و شوێنانه‌ی گرفتی نه‌گه‌یشتنی هێڵی ئینته‌رنێتیان هه‌یه؟ له وه‌ڵامدا د. سه‌یوان عه‌لی وتی: "ئێمه سه‌رژمێری و لێكۆڵینه‌وه‌مان كردووه نزیكه 900 قوتابخانه‌مان هه‌یه، 900 گوندمان هه‌یه له هه‌موو سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا كه ئینته‌رنێتیان ناگاتێ، ئه‌م 900 دێیه وتومانه پێویسته له‌خوێندنگاكاندا ده‌وام بكه‌ن و بڕۆنه‌وه قوتابخانه‌كان خۆشبه‌ختانه ئه‌و قوتابخانانه قوتابیان كه‌متره له قوتابخانه‌كانی ناوشار، بۆ نموونه قوتابخانه هه‌یه له لادێیه‌كدا 12-15 قوتابی هه‌یه یان له‌وانه‌یه ژماره‌ی قۆناغی 12 به دوو- سێ دێ ژماره‌یان بگاته 15 كه‌س. له‌به‌ر ئه‌وه بوار ده‌بێت له قوتابخانه‌ی لاێكانیشدا كه له‌ناوپۆلدا وانه بخوێنن له رێنماییه‌كاندا ئه‌وه‌شی تێدایه كه ئه‌و قوتابخانانه‌ی ئینته‌رنێتیان ناگاتێ به گوێڕایه‌ڵی بۆ رێكاره ته‌ندروستیه‌كان ده‌وامی خۆیان ده‌كه‌ن له قوتابخانه‌كاندا".
د. سه‌یوان عه‌لی ده‌شڵێت: "ته‌له‌فزیۆنی په‌روه‌رده كارا ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌ك كه بگاته هه‌موو ماڵێك و وانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌پێی توانا شه‌رح بكات بۆ قوتابیه‌كان كه توانای ئه‌وه‌یان نییه كه ئینته‌رنێت و ئه‌و شتانه به‌كاربهێنن".
ئه‌ی چی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی توانای دابینكردنی هێڵی ئینته‌رنێت و لاپ‌تۆپ و مۆبایل و پێداویشتی خوێندنیان بۆ منداڵه‌كانیان نیه؟ د. سه‌یوان عه‌لی به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی دایه‌وه: "وای بۆ ناچم وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانیش بتوانن پێداویستی خوێندنی ئۆنلاین دابین بكه‌ن بۆ نموونه دابه‌شكردنی كۆمپیوته‌ر یان مۆبایلی زیره‌ك یان ئینته‌رنێتی گه‌رۆك، تا وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانیش ناتوانن بیكه‌ن من وای بۆناچم له كوردستاندا توانای ئه‌وه هه‌بێت كه یارمه‌تی ئه‌و خێزانانه بدرێت".
"ره‌چاوی دۆخیان ده‌كرێت به‌پێی ئه‌و توانایه‌ی كه ئێمه هه‌مانه له وانه‌یه كه ته‌له‌فزیۆنی په‌روه‌رده بتوانێت ده‌ورێكی زۆر كاریگه‌ر ببینێت له‌و حاڵه‌ته‌دا چونكه ئێمه پلانمان هه‌یه كه ته‌له‌فزیۆنی په‌روه‌رده زۆر كارابكه‌ین به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كه بڕواته هه‌موو ماڵێكه‌وه، وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی ئۆنلاین وابێت بۆ قوتابیه‌كان"، بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وای وت.
د. سه‌یوان عه‌لی ده‌شڵێت: "من به‌ش به‌حاڵی خۆم وه‌ك بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده لایه‌نگری له داواكاری مامۆستا به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م و مافی خۆیانه هه‌موو كه‌سێك مافی خۆیه‌تی بێته سه‌رشه‌قام و داوای مافی خۆی بكات، به‌ڵام دۆخی نائاسایی هه‌نگاوی نائاسایی ده‌نێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئێمه ناومانه دیاره نائاسایییه به‌ڵام دۆخه‌كه واده‌خوازێت كه هه‌نگاوی نائاسایی بنێن، له زۆربه‌ی زۆری وڵاته‌كانیشدا له‌كاتی قه‌یران و له‌كاتی گرفتدا ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌ڵده‌گرن".
بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆتایی وتووێژه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "داوا له مامۆستایان ده‌كه‌ین لێمان تێبگه‌ن وه‌ك وتم ئه‌م هه‌نگاو و رێنمایانه‌ی كه‌ده‌رچووه ئێمه له خۆشی خۆمانه‌وه ده‌رمان نه‌كردووه، دۆخه نائاساییه‌كه كارێكی كردووه كه ئه‌و رێنماییانه ده‌ربكه‌ین و خوێندن به‌م شێوه‌یه بێت كه ئێستا هه‌یه‌وه ئه‌مه‌ش هه‌تا سه‌ر نابێت ئینشه‌ڵا دۆخی ڤایرۆسه‌كه كه‌م بكاته‌وه و دۆخی ته‌ندروستی باش بێت من وای بۆ ده‌چم هه‌موو قوتابخانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك ده‌ستبكه‌نه‌وه به‌ده‌وام وه‌ك ساڵانی تر وای بۆ ناچم كێشه‌یه‌كی واگه‌وره بێت".