ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتالیا ئاشکراکرا

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ لۆرێنزۆ گوێرينى، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا و شاندێكى ياوه‌رى كرد، له‌ كۆبوونه‌يه‌كدا دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ ديپلۆماسييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و جموجووڵه‌كانى داعش تاوتوێ كرا.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى به‌رده‌واميى كارى هاوبه‌ش و ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ عێراق كرده‌وه‌ تا دڵنيابوونه‌وه‌ له‌ له‌ناوچوونى يه‌كجاره‌كيى داعش. هاوڕا بوون كه‌ هێشتا عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستيان به‌ هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌ و له‌مباریه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا به‌رده‌واميى پشتگيرى و هاوكاريى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

 

نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئيتاليا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا هاوكاريى سه‌ربازى و مرۆيى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كردووه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى ئيتالياى كرد كه‌ ڕه‌زامه‌نديى له‌سه‌ر به‌رده‌واميى ئه‌ركى هێزه‌ ئيتاڵييه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دا و سڵاوى بۆ يه‌كه‌ به‌يه‌كه‌ى سه‌ربازانى ئيتاليا له‌ هه‌رێمى كوردستان نارد.

ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى دۆخى عێراقيش نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نيگه‌رانييه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان ده‌ڕوانێت و وتی" ئه‌ركى نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى عێراق گرنگ و پێويسته‌ و بۆ هاوكارى و پشتگيرييه‌ له‌ عێراق و ده‌بێت سه‌لامه‌تى و ئاسايشيان بپارێزرێت، هه‌رێمى كوردستانيش هه‌موو پشتگيرييه‌ك له‌ هه‌نگاو و ڕێكاره‌كانى سه‌رۆك وه‌زيران مسته‌فا كازمى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌كات". 

سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و سوودوه‌گرتن له‌ ئه‌زموونى ئيتاليا له‌مباره‌یه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ وه‌زيرى كاروباری پێشمه‌گه‌ ئاماده‌ى بوو.



AM:10:40:29/09/2020