بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی چواری فەرمانبەران ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا دەكات، حکومەتی فیدڕاڵی ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، موچە دابەش بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبوەوەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستاش ژمارەی توشبوان و گیان لە دەستدان بە هۆی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیادبونە، بۆیە داوا لە هەمو دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندبن بە گشت ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان.
پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وتەیەکی دەربارەی کۆچی دوایی سەلاح کوێخا سەرپەرشتیاریی پێشوی ئیدارەی گەرمیان پێشکەش کرد و باسی لە جوامێری و دڵسۆزی سەڵاح كوێخا كرد و وتی، "كاك سەڵاح وەك چۆن لەشاخ پێشمەرگەیەكی ئازا و خەباتگێڕێكی دڵسۆز بوە، ئاوھاش لە سەردەمی سەرپەرشتی كردنی ئیدارەی گەرمیان، دڵسۆز و لەخەمی خزمەتكردنی گەرمیانی پایتەختی ئەنفال و گەرمیانییەكان بوە، جومێرانە و مەردانە كاری كردوە و ھاوسەنگی حوكمڕانی پاراستبو، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پرسە وسەرخۆشی ئاراستەی كەسوكار و گەرمیانییەكان دەكەین".
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و هەروەها گرنگیی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نوسینگە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کردەوە، چونکە تێکچونی دۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییانی عێراق بە گشتی نییە.
پاشان هەر یەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، کە لە لایەن لیژنەی دانوستانەوە ئامادەکرابو، ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و راسپاردە پێشنیارکراوەکانی پەسەندکرد و لیژنەکەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی و بەردەوامیدان بە ھەوڵەکانی پێشو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان لە بەغدا لە نزیکترین دەرفەتدا و کارکردنی جدی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، بەو پێیەی بابەتی خاک و ئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرانە کاری لە پێشینەی ئەم کابینەیە و جێی بایەخ و گرنگیی ھەرێمی کوردستانە و بابەتە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم وبەغدا، تەنیا بریتی نین لە بواری بوودجە و وزە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا بە ژمارە و داتای پێویست، ڕونکردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی مووچە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
جەختکرایەوە لەوەی موچە و شایستەی دارایی، بە یاسا چەسپێندراوی موچەخۆرانە و ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دابینکردنی شایستەی دارایی موچەخۆران لە ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیە داناوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، ئەنجومەن داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات ھەرچی زوە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بکات تا لە نزیکترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مووچە دابەش بکرێت، لە ھەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندکرد بۆ زیادکردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو بۆ 82% لە بری 79% و کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21% بۆ 18%.