قوباد تاڵەبانی داوا لەحیزبەكەی دەكات زوو وەزیرەكان یەكلای بكەنەوە

‌قوباد تاڵه‌بانی له‌کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن
قوباد تاڵەبانی لەیادی دامەزراندنی یەكێتیدا داوا لەحیزبەكەی دەكات بەزووترین كات لەسەر كاندیدەكان بۆ كابینەی هەشتەم رێكبكەون.
لەو پەیامەدا كەلەپەیەجی خۆی لەسەر تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك بڵاویكردۆتەوە دەڵێت "لەم بۆنە پیرۆزەدا، ئومێد دەكەم لە پێناو درێژەپێدانی رەوتی هەڵسانەوەی یەكێتی، هەموومان بە پەرۆش و خەمخۆرییەوە كار بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بكەین، بۆ ئەوەی ئەو متمانەیەی دەنگدەری یەكێتی بەفیڕۆ نەروات و وەبەرهێنانی خێری تێدا بكەین، بۆ ئەمەش گرنگە بەزووترین كات لەسەر گونجاوترین كاندید بۆ وەزارەتەكانی یەكێتی لە كابینەی هەشتەم رێكبكەوین".
هەروەها ناوبراو بەبێ‌ ناوهێنانی سەركردایەتی حیزبەكەی‌و روودەكاتە قاعیدەی یەكێتی‌و پیرۆزیاییان لێدەكات ‌و دەڵێت" بەبۆنەی یادی (39) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و 38 ساڵەی بیرەوەری شۆڕشی نوێوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان، كچان و كوڕانی كوردستان، لاوانی خوێن گەرمی رێبازەكەی یەكێتی و هەموو تێكۆشەران و دۆست و لایەنگرانی یەكێتی دەكەم".



AM:09:11:02/06/2014