گەورەترین کێڵگەو پاڵاوگە و ٤٠% بۆری نەوتی هەرێمیش لای کۆمپانییایەکی پارتییە

پەرلەمانتارێک گۆران بەشێک لە نهێنی دۆسیەی نەوت هەڵدەداتەوەو دەڵێت"گەورەترین کێڵگەی نەوتی لای کۆمپانیای کارە، گەرەترین پاڵاوگەش بە "نایاسایی" لەسەر کۆمپانیای کار تاپۆکراوە، ٤٠٪‏ بۆری نەوتی کوردستانیش لای کۆمپانیای کارە".

 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەناونیشانی " گەورەترین دۆسیەی نەوت، نۆ مانگە بەدوایەوەم" عەلی حەمە ساڵح پەرلەنتاری گۆڕان نووسیوویەتی "گەورەترین کێڵگەی نەوت لە کوردستاندا خورمەڵەیە! ٣٥٪‏ نەوتی ھەموو کوردستان لەم کێڵگە بەرھەمدێت و بەرھەمی ڕۆژانەی ١٧٠ ھەزار بەرمیلە، ئەم کێڵگەیە، کێڵگەیەکی ئامادەکراوی عێراق بوەو و دراوە بە کۆمپانیای کار بۆ بەڕێوەبردن و فراوانکردن" .



لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە پەنجە دەخاتە سەر نا شەفافیەتی ئەم پرسەو دەڵێت "تا وەکو ئێستا گرێبەستی ئەم کێڵگە نادیارە، خزمەتگوزاریە یان ھاوبەشیە لە بەرھەم.. پێویستە خزمەتگوزاری بێت.".


هەروەها خالێکی گرنگی تر ئاشکرا دەکات " داھاتی قازانجی سەرجەم کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان دیارە لە کوردستان، بەڵام نە حکومەتی ھەرێم و نە کۆمپانیای کار ھیچ زانیاریەک لەسەر قازنجی کۆمپانیای کار ناڵێن".


عەلی حەمە ساڵح  کۆمپانیای کار بە ئیمپراتۆریەتێکی نەوتی ناوزەد دەکات.


ئەو پێیوایەو دڵنیایە کە بە پێداچونەوە بە گرێبەستەکانی کۆمپانیای کار، سەدان ملیۆن دۆلاری ساڵانە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ھەرێم و داوا دەکات " حکومەت پێداچونەوە بەم گرێبەستانەدا بکات".

 


AM:10:48:02/10/2020