ئێران هاوشێوەی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ عێراق راگرت

بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی شارستانی ئێران رایگەیاند" بڕیاریانداوە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراق تا کاتێکی نادیار رابگرن، سەرەتای ئەم هەفتەیەش تورکیا بە هۆی بڵاووبوونەوەی زۆری کۆرۆناوە گەشتەکانی لەگەڵ عێراق راگرت.


بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی ئێران هۆکاری راگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ عێراق گەڕاندەوە بۆ هۆکاری سەرپێچیکردن لە بەندەکانی رێککەوتنی نێوانیان.


تورەج دەهقانی بەڕێوەبەری فڕۆکەوانی شارستانی ئێران بەمیدیایی وڵاتەکەی راگەیاندووە، مۆڵەتی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی فڕۆکەوانی عێراق تا کاتێکی نادیار راگیراوە.  


ئەو بەرپرسە ئاشکرای دەکات کە هێڵی فڕکەوانی عێراق پابەندی یاسای گواستنەوەی گەشتیاران نەبووە و ژمارەیەک گەشتیاری گواستوەتەوە کە مۆڵەتی مانەوەیان لە ئێراندا نەبووە.


دوای چەندین مانگ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان عێراق و ئێران، لە مانگی ئابدا دەستیان بە گەشتە ئاسمانییەکانیان لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، سلێمانی، هەولێر و بەسڕەوە کردەوە.

 
سەرەتای ئەم هەفتەیەش لەبەر بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆناو تووشبوونی ژمارەیەکی زیاتری هاوڵاتیانی عێراقی، تورکیا گەشتەکانی راگرت.

 


PM:09:31:04/10/2020