رۆژی ٢٧ ی تەموزی ئەمساڵ باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا بڵاویکردەوە کە ١٥ ملیۆن یۆرۆیان تەرخانکرد بۆ دروستکردنی چوار نەخۆشخانە لە بەغدا و بەسڕە و "سلێمانی" و موسڵ. و گرێبەستەکەش لە نێوان وەزیری دارایی عیراق و بانکی "KFW"ی ئەڵمانی ئیمزاکراوە. وەزیری تەندروستی هەرێم دەڵێت "نەخۆشخانەکەی سلێمانی لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی دروست دەکرێت"، پەرلەمانتارێکیش رەتیدەکاتەوە کە ئەو نەخۆشخانەیە لەسەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە سلێمانی دەکرێتەوە.
سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری کورد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پرۆژەی ئەو نەخۆشخانەیە هیچ پەیوەندی بە مەسرور بارزانییەوە نییە"، رەتیشی دەکاتەوە دروستكردنی نەخۆشخانە ئەڵمانییەكە لە سلێمانی لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی بووبێت.
ئەو پەرلەمانتارە روونیكردەوە كە "بەر لە دوو مانگ بە هەوڵێکی ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (حسن کەعبی) و وەزیری تەندروستی عێراق فشار کرا تا عێراق لەروی تەندروستییەوە بایەخ بە ژێرخانی تەندروستی سلێمانی بدات، چونکە سلێمانی لەسەردەمی رژێمی پێشوش لە روی تەندروستی پەڕاوێزخراوە".
راشیگەیاند كە دواتر لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی حکومەتی ئەڵمانی بۆ دروستکردنی چەند نەخۆشخانەیەك لە چوار پارێزگای عێراق، بڕیار درا كە نەخۆشخانەیەكی مۆدێرن لەسەر ئەرکی ئەڵمانیا و عێراق لە سلێمانی دروستبکرێت.
سەركەوت شەمسەدین جەختیش دەكاتەوە كە دروستكردنی ئەو نەخۆشخانەیە پەیوەندی بە مەسرور بارزانی و حكومەتی هەرێمەوە نییە.