حاکم شێخ لەتیف بۆ هاوسەرۆکانی یەکێتی:
نەوەی نوێی یەکێتی خراپتر لەنەوەی کۆن حوکمڕانی دەکەن

پەرلەمانتاری پێشوو و چالاکوانی سیاسی، حاکم شێخ لەتیف مستەفا دەڵێت" لەواقیعدا نەوەی نوێی یەکێتی زۆر خراپتر لە نەوەی یەکەمی یەکێتی حوکمڕانی دەکەن و بەکەیفی خۆتان و بێ ھیچ سنورێکی خەرجی و لێپرسینەوە ھەڵسوکەوت دەکەن ودەستان گرتووە بەسەر تەواوی بازرگانی و کارو کاسبی و قوتو مومتەلەکاتی گشتی ناوچەکە بەتایبەتی لە سلێمانی".


لە نووسینیێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە ئاراستەی هاوسەرۆکانی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کراوە، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لەتیف مستەفا نووسیوویەتی " لەکاتێکدا کە خەلکی دەڤەرەکە لەوپەڕی بێ گوزەرانی و بێ مووچەییدان، بەرێز ھاوسەرۆکی یەکێتی رۆژانە و ھەفتانە دەگەڕێن و لێرەو لەوێ بەناوی پڕۆژەی جیاجیاوە پارە خەرج دەکەن کە دواھەمینیان دروست کردنی یاریگایەکە بەبڕی ١٢ ملێۆن دۆلار".


لە درێژەی نووسینەکەیدا لەتیف مستەفا دەڵێت" ئەو ھەموو پارانەو بەتایبەت ئەم، بڕی ١٢ ملێۆن دۆلارتان لەکوێ ھێناوە تا لە یاریگای نەورۆزو پرۆژەکانی تردا خەرجی بکەن ؟ ئەو پارانە ھی کێن ؟ یاریگای نەورۆز ھی کێیە؟ ئایا موڵکی گشتیە یان تایبەت ؟ ئەگەر تایبەتەو بزنسە بۆچی دەبی وەک دەسکەوت بۆ خەڵکی سلێمانی پیشانبدرێت؟".


ناوبراو لە هاوسەرۆکانی یەکێتی دەپرسێت " ئایا لە ھیچ کوێی دنیا بوە حیزب مەلایین و ملیارات دۆلار لەدەرەوەی بودجەی گشتی و لە دەرەوەی سنوری دەسەڵاتی سەرف خەرج بکات؟ئەگەر دەتانەوێ نمونەی حیزبایەتی جیاواز پێشکەش بکەن و خەلک جارێکی تر متمانە بەحیزبەکەتان بداتەوە، ھەقە ئێوە لێرە نمونەیەکی جوانی حیزبایەتی وحوکمڕانی پێشکەش بکەن کە سنورەکانی تریش ناچار بن چاوتان لێ بکەن".

 
دەقی نووسینەکە..

 
بەڕێزان ھاوسەرۆکانی یەکێتی


یەکێتی لەگەڵ دروست بوونیدا پەیمانی جۆرێکی جیاوازی لە حیزبایەتی وئیدارەدانی وەڵاتی بەگوێی خەلکدا داو لەسەر ئەو بنەمایەش خەلکی ئەم ناوچەیە بەتایبەتی سلێمانی و دەروبەری باوەڕیان بەو وەعدو پەیمانانە کردو پشتیان کردە پارتی و بەدڵ و بەگیان رویان لەیەکێتی کرد بەو ئومێدەی یەکێتی بتوانێ شێوازێکی شارستانی حیزبایەتی و حوکمڕانێتی مۆدێرن فەراھەم بکات کە شایستەی خەلکی ناوچەکە بێ و جیاواز بێ لەوەی پارتی کە رەخنەیان لێدەگرت ، بەڵام بەداخەوە ھەرلە دوای راپەرین و وەرگرتنی دەسەلاتی ئەم ناوچەیە لەلایەن یەکێتیەوە ، ڕۆژ بەڕۆژ دەردەکەوت کە یەکێتی راستگۆ نەبوەو ھەر کە گەیشتە مەرامی خۆی ئیترپشتی کردە ھەموو ئەو بەرنامەو دروشمانەی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ھەڵی گرتبوون و بەگوێی خەڵکیدا دەدان و متمانەیانی پێ وەرگرتبوو ، ئیتر کەخەلکی دەڤەرەکە ئەوەی بۆ دەرکەوت ، ڕۆژ بەرۆژ لێی تەکینەوە ،تاوایلێھات یەکێتی لەو ناوچەیەی کە زۆرینەی ڕەھابوو سەرو سەدا نەوەدی خەلکی لەگەلدا بوو بوە کەمینە،ئەگەر دەسەڵات وپارەشی نەبوایە زۆر لەوەش کەمتری دەکرد.
لە دانیشتنێکی تایبەت لەگەڵ مام جەلال لەکۆشکی کۆمارساڵی ٢٠١١ ھەروەھا پێشتر لەگەڵ بەرێز ھێرۆخانیش لەماڵی خۆی لەدەباشان ساڵێ ٢٠٠٩ ھەموو ئەو رەخنانەیان بۆ سەلماندم کە ساڵانێک بوو لەشێوازی حوکمرانی و حیزبایەتی بەتایبەتی لە یەکێتی دەمگرتن


کاتێک دوا کۆنگرەتان کردو سەرکردایەتی و ھاوسەرۆکایەتی نوێی یەکێتی ھەلبژێردان پەیمانی خزمەت کردن وشێوازێکی نوێ و مۆدێرنی حوکمڕانیتان دایەوە بەگوێی خەلکدا بەو ئومێدەی کە جارێکی تر بتوانن متمانەی خەلک بەدەست بھێنەوەویەکێتی بکەنەوە یەکێتی جاران خۆتان وتەنی.

 
بەلام لەواقیعدا زۆر خراپتر لە نەوەی یەکەمی یەکێتی حوکمڕانی دەکەن و بەکەیفی خۆتان و بێ ھیچ سنورێکی خەرجی و لێپرسینەوە ھەلسوکەوت دەکەن ودەستان گرتوە بەسەر تەواوی بازرگانی و کارو کاسبی و قوتو مومتەلەکاتی گشتی ناوچەکە بەتایبەتی لە سلێمانیدا.

 
لەکاتێکدا کە خەلکی دەڤەرەکە لەوپەڕی بێ گوزەرانی و بێ مووچەییدان ،بەرێز ھاوسەرۆکی یەکێتی رۆژانە و ھەفتانە دەگەڕێن و لێرەو لەوێ بەناوی پڕۆژەی جیاجیاوەپارە خەرج دەکەن کە دواھەمینیان دروست کردنی یاریگایەکە بەبڕی ١٢ ملێۆن دۆلار

 
ئەگەر سەیری پەیجەکانی فەیس بوک و سوشیاڵ میدیاتان کردبێ خەڵکی تێکڕا دەپرسن:
ئەو ھەموو پارانەو بەتایبەت ئەم،بڕی ١٢ ملێۆن دۆلارتان لەکوێ ھێناوە تا لە یاریگای نەورۆزو پرۆژەکانی تردا خەرجی بکەن ؟ ئەو پارانە ھی کێن ؟ یاریگای نەورۆز ھی کێیە؟ ئایا موڵکی گشتیە یان تایبەت ؟ ئەگەر تایبەتەو بزنسە بۆچی دەبی وەک دەسکەوت بۆ خەڵکی سلێمانی پیشانبدرێت؟
ھەردوو بەرێزان ھاوسەرۆکانی یەکێتی بەشێکی زۆر ژیانی خۆیان لەئەوروپابەسەر بردوە و خەلکی ئومێدێکیان ھەبوو کە جیاواز بن لە جیلێ شاخی یەکێتی و بەشێوەیەکی مۆدێرن حوکڕانی بکەن ، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو ، ئایا لەوڵاتانی ئەوروپا بەرێوەبردنی وڵات وایە ، حیزب پارە بۆ پرۆژە تەرخان بکات؟
ئایا لە ھیچ کوێی دنیا بوە حیزب مەلایین و ملیارات دۆلار لەدەرەوەی بودجەی گشتی و لە دەرەوەی سنوری دەسەڵاتی سەرف خەرج بکات؟
ئەگەر دەتانەوێ نمونەی حیزبایەتی جیاواز پێشکەش بکەن و خەلک جارێکی تر متمانە بەحیزبەکەتان بداتەوە،
ھەقە ئێوە لێرە نمونەیەکی جوانی حیزبایەتی وحوکمڕانی پێشکەش بکەن کە سنورەکانی تریش ناچار بن چاوتان لێ بکەن.

 
ھەقە قاچاخچێتی گومرگەکان و قۆرخ کردنی بازاڕو دەست بەسەراگرتنی مومتەلەکاتی گشتی لەلایەن ھەرکەس و لەیەنێکەوە بێ لەم سنورە کۆتایی پێ بھێنن و حیزب لە حوکمەت و ئیدارە جیابکەنەوە.

 
دەبێ بزانن بەم شێوازەی حوکمڕانیتان نەک ھەر ناتوانن دڵی خەلکی سلیمانی وئەوەی پێی دەوترا زۆنی سەوزی جاران بدەنەوە بەلکو زیاتر و زیاتر لەبەرچاویان دەکەون. راستە ئێستا خەلکی دەڤەرەکە بێ دەنگە یان بێ دەنگ کراوە ، بەلام رۆژ بەرۆژ خۆیان دەخۆنەوەو زیاتر دلیان لێتان دەرەنجێ و مومکین نیە تا سەر بەردەوام بێ و لەگەل دروست بوون یان ھاتنە پێشەوەی پێشھاتێکی ناوخۆیی یان دەرەکی چاوەڕوان نەکراو بۆی ھەیە راپەرن و ھەرچی تورەییان ھەیە بەتالی بکەنەوەو تەرووشک پێکەوە بسوتێنن.

 
ھیوادارم ئەم نامەیە لەروانگەی دلسۆزی بۆ خەلکی دەڤەرەکە وەربگرن و بەقسەی ئەوانە مەکەن لەچواردەورتانن کە تێیان گەیاندون کە حوکمڕانی ئاوایە
نا ھەرگیز ئەوە حوکمڕانی نیەو ھەرگیزیش تا سەر بەردەوام نابێ

 


PM:02:54:09/10/2020