بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردە بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە ١٠ ی تشرینی یەکەم دەرگای قوتابخانەکان بۆ پۆلی یەک و دوو لەهۆڵەکان بکرێنەوەو، پۆلەکانی تریش لە رێگای خوێندنی ئەلکترۆنی و ئۆنلاینەوە دەستپێبکات، لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر بەیانی زەنگی خوێندن لێیدا، بەلآم لە سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتکردن بەردەوامەو دەرگای قوتابخانەکان بەداخراوی ماوەتەوە.
دوێنێ وەزارەتی پەروەردە لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات رۆژی شەممە ، ڕێکەوتی ۱۰ ی ۱۰ ی ۲۰۲۰ ، دەستپێکی دەوامی فەرمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، لەناو پۆل ، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا یازدەی ئامادەیی".
لە لایەکی ترەوە هەر دوێنێ ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیانگەیاند" داواکارین لە سەرجەم مامۆستایان پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن، تا داواکارییەکانیان لە پێدانی مووچە و بەبێبڕین لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت".
نە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە توانی دەرگای قوتابخانەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵبجە بکاتەوە، هەروەها هەڵوێستەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیش نەیتوانی بایکۆت بگوازێتەوە بۆ هەولێر و دهۆک.