پەرلەمانتارێک: ژمارەی كورسییەكانی كورد كەمدەكات، یەکێتی و پارتی لێی بەرپرسیارن

پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" لەهەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ژمارەی كورسییەكانی كورد كەمدەكات ئەوەش پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسیارن". 

كاوە محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" رایگەیاندووە" دوێنێ شەو كۆبوونەوەی هەندێ لەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق لەماڵی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان كراوە كە لەكورد پارتی و یەكێتی بەشداربوون، بۆیە تێپەڕاندنی ئەو پێوەرەی ئەمڕۆ كە بازنەكانی هەڵبژاردن بەقەدەر ژمارەی كۆتاكان بێت، لەكاتێكدا گومان لەتەواوبوونی نیسابی یاساییش هەبوو، دەرەنحامی رێككەوتنێكی ژێربەژێری ئەو لایەنانەیە كە دوێنێ شەو لەكۆبوونەوەكەدا بەشداربوون".

 

پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان پێشیوایە كە ئەو پێوەرە" زەرەرێكی زۆر لەژمارەی كورسییەكانی كورد دەدات لەناوچە كێشە لەسەرەكان، بەرپرسیاری ئەمەش پارتی و یەكێتی دەبن كە دیسان دوور لەیەكڕیزیی كورد و بۆ بەرژەوەندیی حزبی كاریان بۆ كرد و دەنگیان بۆدا".



PM:05:10:10/10/2020