لێدوانێکی مەسرور بارزانی ناکۆکیەکانی یەکێتی‌و پارتی تۆخ دەکاتە، رێواز فایەق وەڵام دەداتەوە

لێدوانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، یەکێتی و نوێنەرانیان لە حکومەت و پەرلەمان نیگەران دەکات، رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان بەبێ ناوهێنان، وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە.

 
د. رێواز فایەق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە پۆستێکدا دەڵێت " بۆ ئێمە لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم، ناکرێت هۆکارێکی تر بۆ دڵەڕاوکێ و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بخەینە سەر خەرمانی خەمی مووچە و نەبوونی کەسابەت و خزمەتگوزاریی شایستە بۆ کوردستانیان".


لە درێژەی پۆستەکەیدا لەسەر هەڵوێستی بیدەنگیان، دەڵێت " بۆیە کە خۆمان پاراستووە لە هەستکردنمانە بە بەرپرسیارێتی ئەو ئەرکە دەوڵەتدارییەی لە ئەستۆمانە".

 
ئەمڕۆ لەگەڵ یادی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە پەیامێکی کورتدا بڵاویکردەوە" ئەو دۆخە نائاساییەی، کە لە ئەنجامی خیانەتی خاکفرۆشانەوە، لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر هاتە ئاراوە، جێگەی قبوڵکردن نییە، هەرگیز زامی خیانەتی خاکفرۆشانمان بیر ناچێتەوە، بەڵام لە خیانەت بە زامتر ئەوەیە، کە گەل خیانەتکار سزا نەدات".

 


AM:12:13:17/10/2020